جیهانڕاپۆرتهەواڵ

ئیسماعیل قائانی لە هێرشەكەی دەوروبەرە باشوری بەیروتدا برینداربووە

رۆژنامەیەكی كوەیتی:
🔻ئیسماعیل قائانی لە هێرشەكەی دەوروبەرە باشوری بەیروتدا برینداربووە
“شانی و سنگی و قاچی پێكراوە”

باسک نێت
رۆژنامەی (الجریدە):
سەرچاوەیەك لە فەیلەقی قودس ئاشكرایكردووە: فەرماندەی فەیلەقەكە، لیوا ئسیماعیل قائانی، لە بۆردومانەكەی شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی دەوروبەری باشوری بەیروت كە هاشم سەفیەدین، دیارترین جێگرەوەكانی حەسەن نەسڕوڵای كردووەتە ئامانج، برینداربووەو شانی و سنگی و قاچی پێكراون.

قائانی كە بۆ چارەسەركردن رەوانە تاران كراوەتەوە، پێش ئەوەی بچێتە ناو ئەو بارەگایەی كە بە (73)تۆن بۆمبی هەڵتەكاندنی حەشارگە قوڵەكان هێرشی كراوەتە سەر، برینداربووە.
بڕیاربووە لەو شوێنە كۆبونەوەیەك بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنیەتی بە خاكسپاردنی نەسڕوڵاو، دانانی هەندێك سەركردەی نوێ‌، بە دەستبەكاربونی سەفیەدینیش وەك جێگرەوەی نەسڕوڵا.
بەوتەی سەرچاوەكە، قائانی لەڕێگای وشكانیەوە چووتە لوبنان، لەڕێی تونێلە نهێنیەكانی نێوان سوریاو لوبنان، لە رێوشوێنكی ئەمنیی توندا و چەندجارێك ئەو ئۆتۆمبیلانە گۆڕدراون كە گواستویانەتەوە.

لە هێرشەكەدا یەكێك لە یاوەرەكانی قائانی و شۆفێری ئۆتۆمبیلەكی كوژراون، پاسەوانەكانی كە لە ئۆتۆمبیلێكی تردا بوون لە ئۆتۆمبیلەكەی دەریانهێناوەو دەستبەجێ‌ گواستویانەتەوە بۆ شوێنێكی پارێزراو، دواتر بەرەو سوریا رۆیشتون، پاشان گەڕاونەتەوە بۆ تاران، لە تاران چەند نەشتەرگەرییەكەی بۆ كراوە.
سەردانەكەی قائانی لەو كاتە هەستیارەدا بۆ بەیروت، دوای ئەوە هاتووە كە روبەڕوی رەخنە بووەتەوە، بەهۆی ئەو گورزە گەورانەی بە سەركردەكانی حزبوڵا كەوتووە، كە هەماهەنگی ئەمنیان لەگەڵ فەیلەقی قودس، باڵی دەرەكی سوپای پاسداران هەیە.

راپۆرتە ئێرانیەكان باسیان لەوەكرد، قائانی دوای ونبونی لەو رۆژانەی دوایدا خراوەتە ژێر مانەوەی زۆرەملێ‌، پێش سەردانەكەی بۆ بەیروت هەندێك لە ئەندامانی خانەوادەكەی و كەسە نزیكەكانی بانگهێشت كراون بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵیان، بەهۆی بوونی گومان لەوەی یەكێك لە كەسە نزیكەكانی دزەی بە زانیاریەكان كردبێت، كە چەندین كەسیان تائێستا دەستبەسەرن.

رۆژنامە كوەیتیەكە، لەزاری سەرچاوەكەیەوە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، قائانی لە ژووری چاودێری ورد لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تاران هێنراوەتە دەرەوە، دوای ئەوەی لە هێرشەكەی دەوروبەری باشوری بەیروت كراوەتە ئامانج.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close