كەش و هەوا

شەپۆلێکی چڕی بەفربارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

🔹ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، سبەینێ شەممە لە ئەنجامی زیاتر ھاتنە خوارەوەی نزمەپاڵەپەستۆکەی باکوور کە بارستە ھەوایەکی ساردی لەگەڵدایە وە زیادبوونی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست قۆناغی چڕی شەپۆلی بەفر و بارانبارین لە کاتەکانی بەیانیەوە ناوچەکانمان دەگرێتەوە و بە درێژای کاتەکان بارانێکی چڕ و زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک، ھەولێر، سلێمانی، ھەڵەبجە و سنوری ئیدارەی راپەرین دەبارێت.

🔸وتیشی، بارانێکی مامناوەند لە زۆربەی کاتەکاندا لە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیانیش ھەندێک کات بارانێکی کەم بۆ مامناوەند دەبێت، پلەی گەرما بە ڕێژەی ١ تا ٢ پلەی دیکە بەراورد بە ئەمڕۆ نزمدەبێتەوە، خێرای با زۆربەی کاتەکان مامناوەند چالاک دەبێت لە نێوان ١٠ بۆ ٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە ئاڕاستەی باشوور و باشووری ڕۆژئاواوە .

🔹ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی زیاتربوونی کاریگەری بارستە ھەوای سارد سبەینێ لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا بە باوە بەفرێکی چڕ دەستپێدەکات، ئەگەر ھەیە بەفر سەنتەری ئامێدی، بامەرنێ و چۆمان دەگرێتەوە لەگەڵ بارینی بەفر و باران بە تێکەڵی لە سەنتەری پێنجوێن، سیدەکان، مێرگەسوور و چیای ئەزمەر .

🔸وتیشی، ئەم قۆناغە بەھێزەی بەفر و بارانبارین لە ناوچەکانمان لە سبەینێ بەیانیەوە تا بەرەبەیانی دوو سبەینێ ڕۆژی یەکشەممە بەردەوامی دەبێت و بۆ ڕۆژی یەکشەممەش کاریگەری شەپۆلەکە تا کاتەکانی ئێوارە بە بارانی مامناوەند و پچر پچر بەردەوامی دەبێت و لە شەودا کۆتایی پێدێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close