كەش و هەوا
شەپۆلێكی ھەورە بروسكە و تاوە باران دەست پێدەكاتەوە

ئاراس جبار شارەزای بواری كەشناسی بڵاویكردەوە: لە ئەنجامی دۆخێكی لاوازی ناجێگیری كەش و ھەوا لەسەر ناوچەكانمان لە نیوەرۆی سبەی دووشەمەوە 20/5/2024 تا ئێوارەی رۆژی چوارشەمە 22/5/2024 ناوبەناو لەكاتەكانی نێوان نیوەروان بۆ ئێوارە لەبەشێك ناوچەی جیاجیا لە سنوری پارێزگاكانی دھۆك و ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و كەركوك و ئیدارەی راپەرین و بەتایبەت ناوچە شاخاویەكان و ئیدارەی سۆران ئەگەری چالاكبوونی ھەورە بروسكە و نمە باران ئەبێت كە بەدیاری نەكراویش لەھەندێ شوێندا تاوە بارانەكان بەخوڕ ئەبێت و بارانێكی زیاتر ئەبارێت ، پلەكانی گەرماش جگە لەكاتی بارانبارین لەو ماوەیەدا 2 تا 3 پلە بەڕاورد بە رۆژانی ڕابردوو بەرزتردەبێتەوە و بەھۆی زیادبوونی رێژەی شێ لەھەوادا ھەستكردن بەگەرماش زیاتر ئەبێت ، خێرای با لەسەرخۆ و ھەندێك لە كاتەكان بەر لەبارانبارین مامناوەند چالاك ئەبێت 10-30كم/ك .
ئەوەشی خستەڕوو: رۆژی ھەینی و شەمەش 24 و 25ی مانگ ئەگەری كۆتا حاڵەتی لاوازی بروسكە و تاوە باران ئەبێت بەتایبەت لەناوچە شاخاویە سنوریەكاندا و پاشان كۆتای پێدێت تا كاتێكی نادیار ئەگەری بارانی دیكە نابێت ، وە لە 27ی مانگەوە كەشی ھاوینە لەناوچەكانمان دەستپێدەكات و لەسەنتەری پارێزگاكان پلەكانی گەرما لە 36 پلەوە تا 40 پلەی سەدی بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت و لەناوچەكانی گەرمیانیش بۆ زیاتر لە 40 پلەی سەدی بەرزبدەبێتەوە.