
عەلی زەیدی رازیبووە بە دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆك وەزیران؛ یەكێكیان كورد دەبێت
باسک نێت
سەرچاوە رۆژنامەوانیە عێراقییەكان ئاشكرای دەكەن، لە دواین کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا بابەتی دانانی 4 جێگرەکەی سەرۆک وەزیران و تەواوکردنی کابینەی وەزاری خراوەتەڕوو، بە کۆدەنگی و بە رەزامەندی عەلی زەیدی لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن کراوە:
•لەیث خەزعەلی برای قەیس خەزعەلی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە.
•موحسین مەندەلاوی: جێگری سەرۆک وەزیران بۆ ئابووری و گەشەپێدان.
•محەمەد تەمیم: جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری نەوت و کارەبا.
•چوارەمین جێگر بۆ کوردە: جێگری سەرۆک وەزیران دەبێت بۆ کاروباری پەیوەندییە دەرەکییە گشتییەکان، لە ئێستادا کورد لەسەر ناوەکە رێکنەکەوتوون.
ئاماژە بەوەش دەكرێت، کابینەی وەزاری تەواو بووەو تەنها ناکۆکی لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە لەگەڵ دەوڵەتی یاسا، بڕیارە دەنگدانی داهاتوو بە یەک سەبەتە دەبێت بۆ جێگرەکانی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی تر.
بڵاوبونەوەی دەنگۆی دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆك وەزیران لەم كاتەدا كە عێراق بە قەیرانێكی درایی سەختدا تێدەپەڕێت، ناڕەزایی لەنێو نێوەندە عێراقییە جیاوازەكان دروستكردووەو پێیانوایە جگە لە بەهەردەردانی سامانی گشتی، هیچ سودێك بە چارەسەركردنی قەیرانەكان و بەرژەوەندی خەڵك ناگەیەنێت.




