
رۆژنامەی فەرمی عێراق:
تا ئێستا 17 وەزارەت یەكلاكراونەتەوەو دانوستانەكان بەردەوامن بۆ یەكلاكردنەوەی وەزارەتەكانی تر
باسک نێت
ئەمڕۆ هەموو چاوەكان لەسەر پەرلەمانی عێراقن، کە بڕیارە کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ دانیشتنێک بۆ دەنگدان لەسەر بەرنامەی وەزاری و پێدانی متمانە بە حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو رێكبخات، لەهەنگاوێكدا كە بە وێستگەیەكی گرنگ دادەنرێت لە تەواوكردنی شایستە دەستورییەکان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی حکومەت کە ماوەی چوار ساڵ بەردەوام دەبێت.
رۆژنامەی فەرمی عێراق لە راپۆرتێكدا دەڵێت، کەشێکی ئەرێنی لە گۆڕەپانی سیاسیدا هاتووەتە ئاراوە هاوتەریب لەگەڵ رێكخستنی دانیشتنی پەرلەمان، لە سایەی پێشکەوتنێكی روون لە گفتوگۆکانی نێوان هێزە سیاسییەکان و یەکلاکردنەوەی 17 پۆستی وەزاری تا ئێستاو بەردەوامبوونی راوێژەكان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستانەی کە ماون لە کابینەکەدا.
رەحیمە حەسەن جبوری، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاندووە، پێکهێنانی کابینەی حکومەت نزیکە لە تەواوبوون دوای یەکلاکردنەوەی 17 وەزارەت، ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی داهاتوو خستنەڕووی ئەو وەزارەتانەش لەخۆدەگرێت کە ماون لە پەرلەمان.




