
سوننەكان دوای بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ناوماڵی خۆیان رێكدەخەنەوە
باسک نێت
ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سوننەكان، پاڵپشتی خۆی بۆ تەواوكردنی شایستە دەستورییەکان لە ماوەی دیاریکراودا دووپاتدەکاتەوە و پێشوازی لە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبوسی دەكات وەک سەرۆکی پەرلەمان
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی، دوای بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەنجومەنەکە لە بەغداد لە بارەگای محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقدوم کۆبووەتەوە، بە ئامادەبونی سەرکردەكانی ئەنجومەنەكەو هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئامادەبووان پیرۆزباییان لە سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی کردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنیان، جەختیان لە پاڵپشتیکردنیان کردووەتەوە بۆ تەواوکردنی شایستە دەستورییەکان لە وادەی خۆیدا، بەتایبەت هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت، بەگوێرەی خواستەکانی گەلی عێراق.
لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان سەرکردەکانی ئەنجومەنەكە کراوەتەوە لە قۆناغی داهاتوودا سەبارەت بە پرس و بابەتە جۆراوجۆرە نیشتمانییەکان.




