
بەرپرسی هەواڵگری هێزە چەكدارەكانی ئێران لە بەغدادە
باسک نێت
مەجید میر ئەحمەدی سەرۆكی هەواڵگریی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆكایەتیی وەفدێك لە بەغدادە. چاوی بە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق كەوتووە.
هێشتا وردەكاری هۆكاری سەردانی ئەم بەرپرسە هەواڵگرییەی ئێران بۆ عێراق نەزانراوە، بەڵام نوسینگەی قاسم ئەعرەجی دەڵێ لە دیدارەكەدا باس لە ئاڵنگاریی و هەڕەشە ئەمنییەكان كراوە لە ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتیی، ئەمە لەپاڵ باسكردنی ئەو دۆسیەیانەی كە بایەخی هاوبەشیان هەیە.
گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنی ئەمنیی هەردوو وڵات كراوە، رێككەوتنێك كە تایبەتە بە چەككردن و كەمپنشینكردنی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق جەختی كردووە لەسەر “هەڵوێستی چەسپاوی عێراق بۆ رەتكردنەوەی بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ دەستدرێژی بۆسەر وڵاتانی دراوسێ”، لەناویشیاندا كۆماری ئییسلامی ئێران.
“عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵای دژی قەوارەی زایۆنی تۆماركردووە بەهۆی بەكارهێنانی بواری ئاسمانییەوە بۆ دەستدرێژی بۆسەر كۆماری ئیسلامی” ئەعرەجی وای بە بەرپرسە هەواڵگرییەكەی ئێران وتووە.




