
رۆژنامەی “الشرق الاوسط”:
بەغداد سەرقاڵی چارەسەرێكی كاتیە بۆ قەیرانی مووچەی هەرێم
باسک نێت
سەرچاوەكان لە بەغدادی پایتەخت ئاماژە بەوەدەكەن، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تاوتوێی پێشنیازێک دەکات بۆ چارەسەركردنی قەیرانی بڕینی مووچە لە هەرێمی کوردستان، بە خەرجکردنی لە شێوەی قەرزدا.
هاوكات راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان باس لەوە دەكەن، رەنگە سودانی یەكێك لە سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی رابسپێرێت بۆ سەردانیكردنی هەرێمی کوردستان، لەپێناو هێوركردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێكی مامناوەند.
حکومەتی فیدراڵی، بە نیازە فەرمانی خەرجکردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربکات، بەو مەرجەی بە شێوەی قەرزێکی دارایی کاتی خەرج بکرێت، تا دواتر لە تەرخانکراوەکانی هەرێم بدرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لیژنەیەکی باڵای هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستا پێکدەهێنرێت.
هاوكات راپۆرتە ناوخۆییەكان دەڵێن: رەنگە سودانی داوا لە هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر بكات، كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ کورددا هەیە، بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرکردەکانی کۆببێتەوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە سازان.




