
قالیباف: ترەمپ دەیەوێت ئێران لەچەك دابماڵێت
باسک نێت
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەرەفمەندانە نیە، ئەو بەڵگەنامەیەی دۆناڵد ترەمپ واژوی کردووە، هەوڵی داماڵینی چەكی ئێران دەدات، لە بواری موشەک و کەرتە سەربازییەکانی تردا.
قالیباف، لە شەشەمین کۆنگرەی تایبەتی فەرماندە و ئەندامانی سوپای پاسداراندا رایگەیاند: رابەری باڵا دوێنێ هەڵوێستێکی روونی سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا وەرگرت، داواشی لە سەرۆک و ئەندامانی حکومەت کرد پابەندبن بە ڕێنماییەکانی رابەری باڵا لەم بارەیەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەدا: ترەمپ ئەو کەسەیە فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی داوە، ئەو ڕێککەوتنەی ترەمپ واژوی کردووە ئامانجی سەندنەوەی توانا بەرگرییەکانی ئێرانە، بەتایبەتی لە بواری موشەک و کەرتە سەربازییەکانی تردا.
لای خۆیەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: مەرجی دانوستانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا نابێت لەژێر قورسایی سیاسەتی ئەوپەڕی فشاردا بێت، كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پیادەی دەكات.
عراقچی وتی: لابردنی سزاکان پێویستی بە دانوستان هەیە، بەڵام نەک لە چوارچێوەی سیاسەتی (ئەوپەڕی فشار)دا، چونکە لەم حاڵەتەدا، دانوستان نییە، بەڵکو جۆرێکە لە خۆبەدەستەوەدان.
لێدوانی عراقچی دوای ئەوە دێت، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، رۆژی هەینی داوای لە حکومەت کرد دانوستان لەگەڵ واشنتن نەکات و رایگەیاند: هەنگاوێکی لەو شێوەیە هەڵەشانە دەبێت.