كوردستانهەواڵ

مامۆستایانی ناڕازیی پەیامێکی دیکەیان لەبارەی بایکۆتەوە بڵاوکردەوە

پەیامێک لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی :

🔹مامۆستایانی بەهەڵوێستی ناڕازیی..
دایکان و باوکان و خوێندکارانی ئازیز..
فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکان
ڕەوەندیی کوردی و دڵسۆزانمان لە دەرەوەی هەرێم..

🔸سڵاوی خۆڕاگری و ورەبەرزیتان لێبێت..

🔹ئاشکرایە بایکۆتی خۆڕسکانەی ئەمجارەمان لە ڕووی مەودا و مەدەنیەت و خۆڕاگرییەوە ڕیکۆردێکی مەزنی لە ئاستی هەرێم و عێراق و جیهانیشدا شکاند.

🔸ئەم خەباتە وەک هەر خەباتێکی دیکە لە مێژووی کۆن و نوێدا بەمەبەستی کپکردن و لەکەدارکردنی، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و فشار و پیلانی دەسەڵات بوویەوە، بەڵام خۆشبەختانە بەهۆی ملنەدان و پشوودرێژی و بەدەمەوەهاتنی چینوتوێژەکان بەگشتیی و مامۆستایانی خاوەنهەڵوێست بەتایبەتی تا دواسات بەبەهێزیی و ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە درێژەی کێشا.

🔹یەکێک لە جوانییەکانی ئەم خەباتە ئەوە بوو، هەر کات دەسەڵاتی تاڵانکار؛ فشارێکی نوێی دزێوی دەستپێئەکرد ئێمە بەهێزتر و پەروەردەییانەتر لە جاران ڕووبەڕووی دەبووینەوە.

🔸بەڕێزان…
ئاگادارن لە پاش 155 ڕۆژ لە پشوودرێژی و کۆڵنەدان هەر لە ڕاگەیاندنی بایکۆتەوە بگرە تا ئەنجامدانی دەیان خۆپیشاندانی پڕجۆشوخرۆش لە سیانزە شارو شارۆچکە، هەروەها سەردانی وەفدی جۆراوجۆر بەرەو بەغداد؛ لەگەڵ تۆمارکردن و ناردنی سکاڵا بۆ دادگای پەیوەندیدار لە بەغدادی پایتەخت و پەرلەمانی بەریتانیا و پەرلەمانتار و ڕێکخراو و سەندیکا و کەسایەتییە جیهانییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتن و دروستکردنی لینک لەگەڵ یو ئێن و کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێم؛ وا وردە وردە بەری ڕەنج و خۆڕاگرییەکەمان دەچنینەوە.

🔹گرنگیشە بزانین کە خواستەکانی مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران بەتەواوی بەدینەهاتوون، بۆیە لێرەدا ناوەستین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان، هاوکات بەوردی چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی دەکەین، هەر لایەنێک کەمتەرخەم بێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت بەرامبەری.

🔸لە کۆتاییشدا جێی خۆیەتی دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە هەموولایەک بکەین، چ ئەوانەی کە شەونخونییان کرد بۆ ئەم خەباتە و ئەوانەی سزادران و چ ئەوانەی ڕووبەڕووی جۆرەها فشار و هەڕەشەی دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکان بوونەوە تا دەگات بەو دڵسۆزانەی لەژێرەوە و وەک سەربازی ون پاڵپشتی گەورەی ئەم خەباتە مەدەنییەمان بوون، تەنانەت ئەوانەشی بە پۆستێک یان کۆمێنتێک پشتیوانیی خۆیان بۆ دەربڕیوین، یان لەدڵەوە نزایەکی سەرکەوتن و سەلامەتییان بۆ کردووین.

🔹دەستکەوتەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ و ئاییندەیەکی نزیکیش هەوڵ و بەری تێکۆشان و ماندوونەناسیی هەمووانن، نەک تاکەکەس و تاکە ئەنجومەن و تاکەدەستە و تاکەشار و تاکە حیزبێک.

🔸شکۆدار و بەردەوام بێت ئیرادەی حەقخوازیی و خەباتی ناڕازییەکان.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی
22/ 2/ 2024

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close