عێراقهەواڵ

ئاماری کوژراو و بریندارانی هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا..

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکاوە، ١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٥ کەسی دیکەش بریندار بوون. دەشڵێت، “بە هیج جۆرێک پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە ئاگادار نەکراوینەتەوە لە هێرشەکە”.

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، شەوی رابردوو ئەمریکا پێشێلکاری بەرامبەر بە سەروەری خاکی عێراق ئەنجامداوە و بەهۆی هێرشەکانەوە ١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆشکی سپی ئەمریکا بە هیچ جۆرێک سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی ئاگاداری نەکردوونەتەوە.

باسی لەوەش کرد، ئیدانەی هەر هەوڵ و لایەنێک دەکەن کە عێراق بکاتە گۆڕەپانی ململانێکان و هێرشەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر خاکی عێراق بەتایبەت فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

هاوکات، شەوی رابردوو، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، بۆردوومانەکانی ئەمریکا لە ناوچەی قائیم زەنگێکی مەترسیدارە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە فراوانتر دەکات. وتیشی، “هێرشەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراقدا پێشێلکردنی سەروەری خاکەکەیەتی”.

لەلایەکی تریشەوە کۆشکی سپی رایگەیاند، هیچ پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە خاکی عێراق ئەنجام نەداوە و پێشتر حکومەتی عێراقیان لە هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی ٢ـی شوباتی ئەمساڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ٨٥ هێرشیان بۆسەر گروپە چەکدارەکان لە خاکی سوریا و عێراق ئەنجامداوە و لەو هێرشانەدا ١٢٥ مووشەک بەکارهێنراون.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close