
۱۲ بنکە بۆ دەنگدانی تایبەتی هێزە چەکدارەکان لە دەرەوەی هەرێم دادەنرێت
باسک نێت
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەکۆی ۱٦٥ بنکەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ۱۲ بنکەی لەدەرەوەی سنوری هەرێم دادەنێت.
۲۱٥ هەزار و ۹٦۰ کەس لەدەنگدانی تایبەتی هەرێم مافی دەنگدانیان هەیە کە بریتین لە هێزە ئەمنیەکان و بەهۆی ئەوەی بەشێکیان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەو هێزی هاوبەش و هێزە عێراقیەکان لەدەرەوەی سنوری هەرێم لەئەرکدان لە شوێنی ئەرکەکانیان بنکەی دەنگدانیان بۆ دادەنرێت.
۱۲ بنکە تەرخانکراوە کە ٤ بنکەی لە پارێزگای نەینەواو سێ بنکەی لە بەغدا دوو بنکەی لە کەرخ و بنکەیەک لە ڕەسافە دەبێت و هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکوک و ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە و واست یەک بنکەی دەنگدانی تایبەتی تێدا دەکرێتەوە.
ئەو کەسانەی لەو پارێزگایانە مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بریتین لەو کەسانەی لیواکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پاسەوانی بەرپرسان و ئەندامانی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵی و پاسەوانی سنور و لیوا هاوبەشەکان کە خەڵکی پارێزگاکانی هەرێمن.




