
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ژمارەیەک رێنمایی و سزاى بۆ کاتى بانگەشە دیاریکردووە.
باسک نێت
لە کاتژمێر 12:01ـى شەوی رابردووەوە بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کورستان دەستیپێکرد و لە کاتژمێر 12:01ـى شەوى 15ـى تشرینى یەکەمى 2024 کۆتایى دێت.
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەم کاتەوە رێگە بە لیست و هاوپەیمانى و بەربژێرە سەربەخۆکان دەدات بانگەشە بکەن.
بانگەشە لەم شوێنانە قەدەغەیە:
لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا حکومییەکان قەدەغەیە بانگەشە بکرێت.
فەرمانبەر یان ئەندامى هێزە ئەمنییەکان بۆى نییە پۆستەکەى یان فەرمانگە و داهاتەکەى بخاتە خزمەتى بانگەشەوە یان بۆ کاریگەرى لەسەر دەنگدەر بەکارى بهێنێت.
بۆ رۆژى دەنگدان بانگەشە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
قەدەغەیە هەر بەربژێرێک بۆ بانگەشە هێرشبکاتە سەر بەربژیرێکى دیکە ودەنگدەران یان بیەوێت لەرێگەى ترس و تۆقاندنەوە کاریگەرى لەسەر دەنگدەر دروستبکات.
ئەم سەرپێچیانە سزاى ساڵێک زیندانیان بەدواوەیە:
رێنماییەکانى کۆمیسیۆن سزایان بۆ بەربژێر و لیستە سەرپێچیکارەکان هەیە.
سزاى لانیکەم یەک ساڵ زیندانى بۆ هەر کەسێک دەدرێت ئەگەر ئەم کارانە بکات:
هەوڵبدات بەهێز رێگرى لە دەنگدەر بکات بۆئەوەى مافى دەنگدانى پیادەبکات یان بەزۆر بۆلایەنێکى دیاریکراو دەنگى پێبدات.
هەواڵى ناراست لەسەر کەسێتى بەربژێرەکان بڵاوبکاتەوە و چەک بباتە بنکەکانى دەنگدان یاخود هێرشبکاتەسەر ئەندامانى لیژنەکانى هەڵبژاردن لەکاتى کارەکانیان.
دەستکاریى سندوقەکانى دەنگدان، تۆمار و بەڵگەنامەکانى دەنگدەران و هەر بابەتێک پەیوەستبێت بە هەڵبژاردنەوە. بەکارهێنانى دروشمى ئاینى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن.
سزا قورسەکان:
بەپێى سزاکان هەر کەسێک سندوق یان تۆمارى دەنگدەران ببات و هەوڵبدان بەهێز دەنگدەر بترسێنێت ئەوا بەبەندکردن لە ساڵێک زیاتر نەبێت یان پێبژاردن بە 100هەزار کەمتر نەبێت و 500 هەزار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت.
ئەگەر دەرکەوت هەر کیانێکى سیاسى یاساکانى کۆمیسیۆنى پیشێلکرد بە 50 ملیۆن دینار سزادەدرێت.
سزاى ئەو لایەنە سیاسیانە دەدرێت ئەگەر بیانەوێت لەرێگەى هێزەوە ناوچەیەک دابخەن و رێگرى لە دەنگدانى دەنگدەران بکەن.




