بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیعێراقكوردستانهەواڵ

فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕاگەیەنراوێکی لەسەر ڕێکەوتنی هەرێم و بەغدا بڵاوکردەوە

رێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانین بە مەرجێک مافی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی تێدا دەستەبەر بکرێت

رێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا خواستێکی جەماوەری لە مێژینەو هێزو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە، ئومێدەوارین ئەو رێککەوتنە ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو قەیرانە سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە ماوەی چەندین ساڵە کاریگەری خراپی قووڵی هەبوو لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک.

دوای ئەو رێککەوتنە هیچ مەهانەیەک نەماوەتەوە بۆ دەسەڵات کە ماف و داخوازیەکانی خەڵک جێبەجێنەکات کە خۆی دەبینێتەوە لەم خاڵانەی خوارەوە.

یەکەم: گێڕانەوەی مووچەی پاشەکەوت کراوی مووچە خۆران.

دووەم: کەم کردنەوەی باج و رسومات کە بۆتە ئەرکێکی گران لەسەر هاوڵاتیان.

سێیەم: دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەو سەر مووچەی فەرمانبەران کە چەندین ساڵە بە دەر لە یاساو ڕێنماییەکان ئەم مافەیان لێزەوت کراوە.

چوارەم: کردنەوەی دەرگای دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە خوێندنیان تەواو کردووەو بێ کار لە ماڵەوە دانیشتوون.

پێنجەم: بە هەمیشەیی کردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست.

شەشەم: رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی تایبەت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بێکارن.

حەوتەم: دەست پێکردنەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیری، کشتوکاڵ، عەقاری و پیشەسازییەکان.

هەشتەم: دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە شارو دێهاتەکانی کوردستان کە ماوەیەکی زۆرە بە بیانووی نەبوونی پارە وەستێندراوە.

نۆیەم: هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆی هەرێم لەگەڵ هێزەکانی ناوخۆی عێراق

هیوادارین هێزەکانی دەسەڵات بە زووترین کات هەوڵی جدی بدەن بۆ جێبەجێ کردنی ئەم داخوازییانەی خەڵک و سڕینەوەی ئاسەواری قەیرانەکانی رابردوو لە پێناو بووژانەوەی ژیان وگوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستان.

فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان

٢٠٢٣/٤/٥

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close