
لەسەر دۆسیەى گیان لەدەستدانى سێ کەس، پێنج تۆمەتبار دەستگیر دەکرێن و پۆلیسى سلێمانیش رایدەگەیەنێت، دەستگیرکردنى تۆمەتبارەکان تایبەتە بە دوو دۆسیەى جیاواز.
لە رونکردنەوەیەکدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، پێنج تۆمەتباری دۆسیەى گیان لەدەستدانى سێ کەس لەلایەن پۆلیسى پێنجوێنەوە دەستگیرکراون.
ئەوەش دەخەنەڕوو، کە رۆژى (16/7/2020) كه‌سێك به‌ناوی (م، ع، أ) ته‌مه‌ن (19) ساڵ له قه‌زای پێنجوێن كوژراوە، دواى لێکۆڵینەوەکانى پۆلیس، تۆمه‌تبارێکى تەمەن (19) ساڵ بەناوى (س، ع، ع) ده‌ستگیركراوە و له‌كاتی گرتنیشیدا دەستبه‌سه‌ر چه‌كێكی جۆری كڵاشینكۆفدا گیراوە.
پۆلیسى سلێمانى ئاماژە بەوە دەکات، لێکۆڵینەوەکانیان له‌سه‌ر روداوه‌كه به‌رده‌وام بووە و، ڕۆژی (24/8/2020) سێ تۆمه‌تباری دیکە به‌ناوه‌كانی (خ، م، ع) ته‌مه‌ن (29) ساڵ، (ب، م، ح) ته‌مه‌ن (26) ساڵ، (س، ع، ع) ته‌مه‌ن (24) ساڵ كه سه‌رجه‌میان دانیشتوی قه‌زای پێنجوێنن، بەبڕیارى دادوه‌ر ده‌ستگیركراون.
له‌ئێستادا تۆمه‌تباران به‌پێی مادده‌ی (405) له‌یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.
هاوکات لەسەر دۆسیەى گیانلەدەستدانى دوو کەسى دیکە، پۆلیسی پێنجوێن تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركردوە.
بەشى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگارى سلێمانى ئاشکراى دەکات، رۆژى (24/8/2020) کاتژمێر (4)ى سەرلەبەیانى لەسەر رێگەى (گەرمک – پێنجوێن) روداوێكی هاتووچۆ رویداوە و ئۆتۆمبێلێك خۆیكێشاوە به ماتۆڕسكیلێكدا، لە ئەنجامدا شۆفێرى ماتۆڕسکیلەکە و سەرنشینێک کە لەگەڵیدابووە، گیانیان لەدەستداوە و تۆمەتبارەکە هەڵهاتوە و خۆى حەشارداوە.
پۆلیس لێكۆڵیه‌وه‌كانی ده‌ستپێكردوە و توانراوە له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا تۆمه‌تبارەکە بدۆزرێتەوە و ده‌ستگیربكرێت و ده‌ستبگیرێت به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا.
بەپێى وتەى پۆلیس، لەئێستادا تۆمەتبار (د، ج، ع) ته‌مه‌ن (20) ساڵ، کە دانیشتوی قه‌زای پێنجوێنە به‌بڕیاری دادوه‌ر راگیراوه.