تەندروستیكوردستانهەواڵ

زانیاری لەبارەی دوو تووشبووەكەی ئەمڕۆی ھەولێر ئاشكرا دەكرێت

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، دوو تووشبووی نوێ به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ شاری هه‌ولێر تۆماركران.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، دوو تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری هەولێر دەستنیشانکران.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، كه‌ هەردوو تووشبووه‌كه‌ پیاون، تەمەنیان 35 ساڵه‌ و دانیشتووی شاری هەولێرن.

کۆی گشتی لە هەرێمی کوردستان توشبووان گەیشتە 99 حالەت و دوو مردن.

ئەو دوو كەسەی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای ھەولێر، وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشانكران، خۆیان سەردانی سەنتەری چارەسەریان كردووە و یەكێكیان دانیشتووی دەرەوەی شارە و ئەوەی دیكەشیان خەڵكی شاوێسە، بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر زانیاری لەبارەی تەندروستی ھەردوو تووشبووەكە دەخاتەڕوو.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: “ئەو دوو كەسەی ئەمڕۆ لە ھەولێر تووشی كۆرۆنا بوونە، بەریەك كەوتنیان لەگەڵ تووشبووەكانی پێشتر نەبوو. خۆیان ھەستیان كردووە تەنگە نەفەسن و كۆكەیان ھەبووە، بۆیە سەردانی سەنتەری چارەسەری كۆرۆنایان كردووە، كاتێك پزیشكەكان پشكنینیان بۆ كردون، دەركەتووە كە تووشی كۆرۆنا بوونە”.

گوتیشی: “بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو كەسانە سەردانی ھیچ وڵاتێكیان نەكردووە و زیاتر لەگەڵ خێزانەكانی خۆیان بەریەك كەوتنیان ھەبووە، تیمەكانی پزیشكی چوونەتە ماڵەكانیان بۆ ئەوەی پشكنین بۆ ئەندامانی خێزانەكانیان بكرێت”.

بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر ئاشكراشی كرد: “یەكێك لە تووشبووەكان ماڵی لە دەرەوەیی شارەو تەنھا لەگەڵ كەسوكاری بەریەك كەوتنی ھەبووە، ئەو شوێنە چواردە ماڵن و یەك بنەماڵەن، بۆیە شوێنەكە كەرەنتین دەكرێن، ئەوەی دیكەشیان دانیشتووی شاوێسە و كەمتر بەریەك كەوتنی لەگەڵ خەڵك ھەبووە، تەنھا پشكنین بۆ ئەندامانی خێزانەكەی دەكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “باری تەندروستیان باشە و پێویستیان بە ژووری چاودێری چڕ نییە”.

دلۆڤان محەمەد، لەبارەی تووشبووەكانی پێشتری ھەولێر گوتی: “تائێستا 7 نەخۆش باری تەندروستیان زۆر جێگیرە و ویستومانە رەوانەی ماڵەوەیان بكەینەوە، بەڵام تائێستا پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ دەردەچێتەوە، بەگوێرەی رێنماییەكانی تەندروستی جیھانی 6 ھەفتە پێویستە بۆ چاكبوونەوەی نەخۆشەكان، بۆیە پێویستی بە كاتی زیاتر ھەیە تا پشكنینەكان ببێتە نێگەتیڤ”.

سه‌رچاوه‌: كوردستان24

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close