كاروانی شەهیدان

ژیانامەی سەركردە شەهید مامۆستا مەغدید

ژیانامەی سەركردە شەهید مامۆستا مەغدید

باسك نێت – تایبەت

مامۆستا مەغدید كوری حاجی حوسێن كوری حاجی ئەحمەد پلكانە كە بنەماڵەیەكی خانەدان و ئاین پەروەری ناسراونلە ناوچەكەدا.
ناوی تەواوی مامۆستا [ مغدید حسین احمد ]ە لە ساڵی 1953 لە گوندی [رێزێنە]ی دۆڵی ئاكۆیەتی سەر بە شاری رانیە چاوی بەم دنیا پر لە ناسۆرە هەڵ هیناوە .
هەر لە سەرەتای لە دایك بوونیەوە دەبێتە جێگەی سەرنجی دایك و باوك و بنەماڵە و خزمانی بە هۆی رەفتار و هەڵس و كەوتە جوان و ناوازەكانی جێگای خۆی لە دڵی هەموان دەكاتەوە لە هەمان كات دا كەسێكی ژیر و زیتەڵە بووە بۆیە هەر زوو دەبێت بە پێشەنگ و چاو ساخی منداڵانی دەور و بەری نەك هەر ئەوە بەڵك و وەكو مامۆستایەك فێری ئاداب و رەوشت و هەڵس و كوتی جوانیان دەكات ، هەوەك پورە [هەمین ئەحمەد] دایكی مامۆستا دەگێرێتەوە كە [ منداڵان لە دەوری كۆ دەبوونەوە و دەماندیت كە لە كەناری رووباری دۆڵی ئاكۆیان پێش نویًژی بۆ دەكردن ]هەر بۆیە لە تەمەنی منداڵیدا دەخرێتە بەر خوێندن و لە زۆر بەی حوجرەو خوێندنگەكانی ئەو سەردەمە لای زانا هەڵكەوتووەكان خوێندویەتی هەر وەك دایكی بەرێزیان دەڵێت یەكەمین ئەلف بای خوێندنی لە لای ئافرەتێك بە ناوی [ فەقێ مریەم ] دەست پێ دەكات
لە بواری خوێندیشدا زیرەك بووە بە سەر كەوتووی هەموو قۆناغەكانی بریوە و چۆتە قوڵایی زانستەكانەوە .
لە لای مامۆستایان مامۆستا سەید كاكە مامۆستا مەلا باقی و چەندین زانای تر خوێندویەتی بۆ ئەم مەبەستەش زۆر بەی ناوچەكانی كوردستان گەراوە و لە هەر شوێنێك مامۆستایەكی شك بردبێت چووە بۆ لای هەر لە رانیە و هەولێر و كۆیە و پشت ئاشان و تەنانەت كوردستانی ئێرانیش گەراوە سەرەرای زەحمەتی و نەبوونی هۆكارەكانی هات و چۆ لە و سەردەمەدا لەم رێگایەش دا روو بە رووی گەلێك نارەحەتی و مەترسی بۆتەوە و زۆر جاران لە لێواری مەرگ گەراوەتەوە .
بە ڵام بوو بەو چرایەی كە رێی بۆ هەموان رووناك كردەوە . مامۆستا دوای قۆناغە یەك لە دوای یەكەكانی خوێندن لە سەر دەستی ئەو زانا بەرێزانە لە ساڵی 1979 ئیجازەی علمی وەرگرتووە و لە ساڵی 1981 ش خێزان پێكەوە دەنێت.
مامۆستا بە چەند خەسڵەتێكی تایبەتی ناسرابوو یەكێك لە وانە زۆر بە سۆز بوو بۆ بێ باوكان و بێسەر پەرشتان وە بەگوێرەی توانا هاوكاری دەكردن ، وە هەرگیز زەكات و سەر فترەی لە كەس وەر نەدەگرت لەو كاتانەش كە مەعاشی نەبووە بژێوی باش نەبووە ،لە هەموو زیاتر بە پەرۆشی یەك ریزی و برایەتی مسوڵمانان و گەلەكەیەوە بوو .
مامۆستا هەر لە سەرەتای ساڵانی هەشتادا رێكخەری كاری ئیسلامی بووە لە ناوچەكەدا لە سەر دەستیان ژمارەیەكی زۆر لە لاوان بە پەروەردەی ئیسلامی و رەوشتی جوان پێدەگەن .
هەر لە دوای وەرگرتنی مۆڵەتی زانستیش بە پێش نوێژ و وتار خوێنی مزگەوتی [ ناجێ خان ] لە شاری رانیە دادەمزرێت . بە هۆی هەڵوێستە بوێرەكانی چەند جارێك بریاری دەستگیر كرنی لە لایەن رژێمی بەعسەوە بۆ دەركراوە .
تا ئەو كاتەی [ بزوتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان ] ئیعلان دەكرێت لە سەرەتای ساڵی 1988 چەند رۆژێك دوای كیمیابارانی هەڵەبجە بریاری خەباتی چەكداری دەدات لە گەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی ،لە گەڵ ئەو كۆمەڵە لاو و قوتابیانەی خۆی دا هێزێكی سەربازی تۆكمە دادەمزرێنێت بە ناوی [ هێزی ئازادی ] كە بارەگاكەی لە شاری خانێ [ پیران شار ]ی كوردستانی ئێران بووە كە چەندین قارەمانێتییان نواندووە لە زنجیرە چیاكانی قەندیل و ناوشارەكان بەرامبەر هێزەكانی رژێم .
لە كۆنگرەكانی سەرەتادا مامۆستا مغدید بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت ، لە كاتی راپەرینە جەماوەریەكەی ساڵی 1991 بە بەرپرسی مەكتەبی عەسكەری [ بزووتنەوە ] دەست نیشان دەكرێت و لە ئازاد كردنی شار و شارۆچكە كانی كوردستان دا رۆڵی سەرەكی هەبووە هەر لە رانیەی دەروازەی راپەرین كە یەكەمین مەفرەزەی پێشمەرگە بوون هاتنە ناو رانیە ، تا كەركووكی شاری دابراوی كوردستان كە هەر لەو شەرە دا مامۆستا بریندار دەبێت و (10)كەسی تر لە پێشمەرگە و هاورێیانی شەهید و یان ون دەبن كە یەكێكیان برای مامۆستا خۆی بووە بە ناوی [ ئیبراهیم ] ،ئەوەش بە هۆی [ انسحاب ] ی هێزەكوردیەكانی تر .
مامۆستا مغدید كەسێكی خۆشەویست بوو لە ناو تەواوی پێشمەرگە و بەرپرسان و خەڵكان بە گشتی ، بە تایبەت مامۆستا مەلا عوسمان عەبدلعزیزی رابەری رابوونی ئیسلامی كوردستان . بۆیە لە ساڵی 1992 لە كۆنگرەی شەشەمی [ باسك ] بە ئەندامی م.سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی دارایی گشتی دیاری دەكرێت.
بەڵام زۆر ناخایەنێت كە هێشتا گوللەی بەعسیەكان لە جەستەیدا مابوون لە دوای شەرە داسەپاوەكەی كۆتایی 1993 لە ناوچەی سەرئەشكەوتان لە 26/12/1993 دڵە پاك و گەورەكەی لە لێدان دەكەوێت ، لە دوای خۆی پێنچ منداڵ بە جێ دەهێڵێت و رۆژێك دواتر براكەی تری بە ناوی عەلی ، و چەند پێشمەرگەیەكی تر شەهید دانا و مامۆستا شەریف و مامۆستا وریا و كۆمەڵێكی تر دوای بەدیل گیران دەدرێنە بەر دەسترێژی گوللە و ئەوانیش دەچنە كاروانەكەی مامۆستا مەغدید.
هەزاران سڵاو لە گیانە پاكەكەی مامۆستا مغدید و سەرجەم شەهیدان گۆرەكەیان پر نوور و كاروانەكەیان هەر بەردەوام بێت ….

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close