تەندروستی

بڕینی گەدە بۆمەبەستی جوانكاری و خۆلاوازكردن ڕێگەپێدراو نییە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی: بڕینی گەدە بۆمەبەستی جوانكاری و خۆلاوازكردن ڕێگەپێدراو نییە
باسک نێت
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم ئاماژەبەوەدەكات بۆ بابەتی جوانكاری و بڕینی گەدە لە وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەك هەیە و هەموو كەسێك ناتوانێ‌ بەمەبەستی جوانكاری گەدەی ببڕێت،چونكە لە ماوەی رابردوودا چەند كەیسێكی گیان لەدەست دان بەو هۆكارە تۆمار كراون.

سەركار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: ئەوەی پەێوەندی بە بابەتی گەدەبڕین هەیە لیژنەیەك لە وەزارەتی تەندروستی پێكهێنراوە، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی ئەو نەخۆشانە بدەن كە پێویستیان بە گەدەبڕین هەیە، لیژنەكە بەگوێرەی پێویستیی نەخۆش بڕیار دەدەن، بەڵام ئەوەی پێوەندیی بە جوانكاری و خۆلاوازكردن بێت، ئەوە رەت كراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دەرهێنانی چەوریی ورگ كە لەناو خانمان بە “شەفت” ناسراوە، ئەوەش ڕێنوێنی پێویستی هەیە لەلایەن وەزارەتەوە تەنانەت هەموو پزیشكێك ناتوانێ‌ ئەو نەشتەرگەرییە بكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان خەڵك روو لە بڕینی گەدە دەكەن بە مەبەستی خۆلاوازكردنەوەیان، جیا لەوەیش چەندان جوانكاریی تر لە بابەتی دەرهێنانی چەوریی ورگ و سمت لەلایەن خانمانەوە خواستی زۆری لەسەرە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا چەند كەیسێكی گیان لەدەست دان بەو هۆكارە تۆمار كراون.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close