لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکانی هەرێم ١٠٠ دۆلار بە ١٥٢ هەزار دینار مامەڵەی پێوە کرا و بەروارد بە کاتی کردنەوەی بازاڕ لە رۆژی رابردوودا ٣٥٠ دینار لە نرخەکەی دابەزیوە.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، حەواڵە و پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ هاوڵاتیان و بانکەکان رادەگیرێت و هەر کۆمپانیایەک بیەوێت حەواڵەی ناوخۆیی بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامبدات دەبێت خۆی لە بانکی ناوەندیی تۆماربکات، راپۆرتی سێ ساڵی رابردووی تەواوی حەواڵەکانیش ئامادە بکات گەرنا مافی حەواڵەکردنی لێ وەردەگیرێتەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگەی سەکۆی تایبەتی بانکەکەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە هەفتەی ئایندەوە تەواوی مامەڵەداراییەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی کە لەلایەن کۆمپانیاکان و هاوڵاتیانەوە ئەنجامدەدرێت رادەگیرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ کۆمپانیا و هاوڵاتیەک ناتوانێت خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیکترۆنی ئەنجامبدات بۆ هاوڵاتیانی دیکە ئەگەر لە بانکی ناوەندیی خۆی تۆمارنەکات و راپۆرتی سێ ساڵی رابردووشی تۆمار نەکردبێت.
باسی لەوەش کرد، پێویستە هەر کۆمپانیایەکی پارەدانی ئەلیکترۆنی یاخود نوسینگەیەک سەردانی بانکی ناوەندیی بکات لەگەڵ تۆماری تەواوی حەواڵەکانی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجامیداوە و لەگەڵ پڕۆژەنامەیەکیش کە تیایدا ئاماژە بدات بەوەی بۆ ئەمساڵ چەند حەواڵەی ناوخۆی ئەنجامدەدات.