
لە دروشمی ئابووریی سەربەخۆوە، بۆ خەونی دابینکردنی یەک دەبە نەوت
سەرکۆ یونس✍️باسک نێت
لە هەرێمی کوردستاندا، زستانی ئەمساڵ تەنیا وەرزێکی سارد و سەخت نییە، بەڵکو بووەتە ئاوێنەیەک کە قووڵایی قەیرانە کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان نیشان دەدات. لەکاتێکدا شەپۆلێکی سەرمای تاقەتپڕوکێن ڕووی لە ناوچەکە کردووە، هاونیشتیمانیان لە نێوان نەبوونی کارەبا و گرانیی سووتەمەنیدا گیریان خواردووە.
ڕۆژانه ههواڵ و ڕاپۆرتهكان ئاماژە بە دۆخێکی سەخت دەکەن؛ پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ کەمتر لە شەش کاتژمێر لە شەو و ڕۆژێکدا دابەزیوە، لە بەرامبەریشدا خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان، سەرەڕای وەرگرتنی پارەی پێشەکیی مانگانە، زۆربەیان پابەند نابن بە پێدانی کارەبای پێویست. ئەمە لە کاتێکدایە کە نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی سەرووی ٣٣٠ هەزار دیناری تێپەڕاندووە و نرخی هەر لیترێک گەیشتووەتە سەروو ١٥٠٠ دینار. ئەم دۆخە وای کردووە هاووڵاتییان بۆ دەستخستنی تەنیا یەک دەبەی ٢٠ لیتری بە تالووكه و نۆرەگرتن وێڵ بن.
لێرەدا پرسیارێكی جەوهەریی سەرهەڵدەدات:
چۆن هەرێمێک کە ساڵانێک بوو دروشمی «ئابووریی سەربەخۆ»ی بەرز کردبووەوە و خاوەنی سامانێکی سروشتیی زۆرە، ئەمڕۆ هاووڵاتییەکانی بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستیی گەرمکردنەوە و ڕووناکی لەم دۆخەدا بن؟ بهدڵنیاییهوه ئەم دۆخە دەرەنجامی نەبوونی پلانی ستراتیژی و پشتبەستنی ناڕێکە بە سەرچاوەکانی داهات، لە کاتێکدا لایەنە فەرمییەکان زۆرجار هۆکارەکە دەگەڕێننەوە بۆ بهغدا و هێرشه درۆنییهنادیارهكانی سهر ژێرخانی ووزه و كارهبای ههرێم.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم قەیرانانەدا، کارەساتی لافاوەکەی هەولێر برینێکی قووڵتری خستە سەر جەستەی شەکەتی هاونیشتیمانیان.
ئەو لافاوە کە جگە لە زیانی گیانی، بووە هۆی وێرانبوونی ماڵوحاڵ، تێکچوونی ئۆتۆمبێل و لەناوچوونی بژێویی سەدان خێزان، جارێکی دیکە لاوازیی ژێرخانی شارەوانی و پلانی ئاوەدانکردنەوەی دەرخست. ئەوەی ئازارەکە دووهێندە دەکات ئەوەیە کە لەم دۆخە سەخت و پڕ لە نەهامەتییەدا، حکومەت بە بیانووی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوە دەستەوسانە و ناتوانێت قەرەبووی شایستەی زیانلێکەوتووان بکاتەوە، بەمەش هاووڵاتییان لە بەردەم لافاو و سەرما و بێماڵیدا بە تەنیا جێهێڵدراون.
ئەوەی ئەم دیمەنە تراژیدیتر دەکات، کاتی سەرهەڵدانی ئەم قەیرانانەیە. لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار قوتابی و خوێندکار لە ناوەڕاستی تاقیکردنەوەکاندان. ئەم نەوەیە کە بڕیارە داهاتووی وڵات بنیات بنێن، لە ژوورە سارد و تاریکەکاندا ناچارن کۆشش بکەن، بێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ باشتربوونی دۆخەکە ببینن.
لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، بارودۆخی سیاسیی هەرێم لەوپەڕی لێکترازان و دوورکەوتنەوەدایە. لە بری ئەوەی هێزە سیاسییەکان ناکۆکییەکان وەلا بنێن و بەرەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بژێوی و خزمەتگوزارییەکان پێکبهێنن، ململانێ حیزبییەکان بوونەتە بەربەست لە بەردەم هەر هەنگاوێکی چاکسازی و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵک.
ئەگەر بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکان بە خێرایی و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە وەڵامی ئەم دۆخە نەدەنەوە، ئەوا متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات دەگاتە ئاستێک کە چاککردنەوەی ئەستەم دەبێت، چونکە سەرما و تاریکی و نەهامەتییەکان چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان ناکەن.




