نوسەران

دەست بە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە بگرن

ئاری عەبدولەتیف

بزووتنەوەی ئیسلامیی، حیزبێك نییە بە ھیچ ھێز و ھەژمونێك لەناو بچێت، لاواز كرا بەڵام كۆتایی نایە، ھەوڵی ناشرینكردنی درا و دەدرێ بەڵام لە دڵی كاروانچیانیی و ھاوڕێبازانیدا ھەر تاقی ئیمان و ئاوێنەی ڕاستیی و وێنە درەوشاوەكەی ڕابوونی ئیسلامیی كوردستانە.
بە لێدان و ناوزڕاندنی ڕابەر و سەركردەكانی پاشەكشە ناكات، بگرە باشتر گەشە دەكات، ئەوەی نەیار پێی دەڵێ ئەگەر ڕاستیش بێت لای پێشمەرگە و كادرەكانی پێچەوانەكەی دروستە، ھەر حیزبێكی تر لە جێی بزووتنەوە بوایە، ئێستا لە كتێبە مێژووییەكاندا سێرجی بۆ دەكرا، میكانیزمی جەھەننەمیی نەما بۆ ھەوڵی سڕینەوەی، دەرگا نەما لێی كڵۆم نەدرێ، ڕابەرانی نەفی كران، دەستگیر كران، سەركردەكانی تەنگیان پێ ھەڵچنرا، شەھید كران، بارەگا و بودجەی لێ زەوت كرا، سەد تۆمەتی بۆ ھەڵبەسترا، بۆ؟ تەنھا لەبەر ئەوەی ئیسلامییە، نۆرمەڵ و خاكی و نەتەوەییە، بێ مەلەف و بێ لەكە و بێ سازشە.
دەمێكە بە سیخوڕمە و ختوكەی نەیارەكانی، لە سومبول و كەسایەتیی و مێژووەكەی دەدرێ، بە ھەر شێوازێك بگونجێت لە قەبارە و قودرەتی كەم دەكرێتەوە، ئاشكرا دیارە نێوخۆیی و دەرەكیی، بەری بینیان گرتووە، دەی پۆڵاش بیت دەبیە خۆڵ، ڕەگت لە ھەزارەی خاكدا چەقیبێت ھەڵدەكەنرێیت، كەچی ئەم چەترە ھەر ما و بۆتە ئەفسون و جێتێڕامانی نەك دوژمن تەنانەت دۆست و دڵخوازەكانیشی.
وەك دەوترێ مێژوو دوبارە دەبێتەوە، دوێنێكان كە ڕابەرانمان وەك م. مەلا عوسمان و م. مەلا عەلی و م. مەلا محەممەد و م. مەلا سدیق، جڵەوی سەركردایەتیی ئەم حیزبەیان بەدەست بوو بە دەیان جۆر لە كەسایەتییان دەدرا و بە نەزان و نا سیاسیی و بێ ئەزموون لەقەڵەم دەدران، بەڵام پاش كۆچیان ھەموو بە یەك دەنگ ڕۆڵەڕۆی لەدەستدانی شێر و شاخیان بوو، ئێستاش كە ڕابەرێكی گەنج جڵەوگیرە، تۆمەت و ناوزڕاندن نییە بۆی نەتاشن ئەمەیان بەشێكیش لە دۆست و نزیك، كەچی پاش دواییھاتنی ئەم ڕابەڕەش، ئاواتی بۆ دەخوازنەوە، بە بوونی تێبینیی و ڕەخنەشم لەسەری، كە ئەوە بابەتێكی ترە.
ئەوەی ھۆكار بوو بۆ نوسینی ئەم وتارە ئەوە بوو كە لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیی (م. عیرفان عەلی عەبدولعەزیز)ی ڕابەردا، ھەندێك پەیج و لا و لایەن و كەسایەتیی، قسەی نەشیاو و تۆمەتیان بۆ ھەڵبەست، بە تایبەت لە لایەن نەوەی فەیسبوك و نەوەی جەھل و مناڵە وردەوە، بە كۆمێنت و وشەی زبر و عەقڵی ئانارشیستیی.
بۆ ھەموو ئەو وشە ناشرین و ھەڵمەتە قێزەونە، ئەم وتارە لە بری ھەموو ئەمەكداران و قیامەتخوازان داوای لێبوردن لە ڕابەری گشتیی دەكات، ئاخر بۆ دۆستانیش ئەگەر ھۆی پاشەكشەی ئەم بزووتنەوە بخەنە ئەستۆی ئەم ڕابەڕەی ئێستا، ئەگەر بەشێكیشی پێ ببڕێت، ئەوە بزانن لە وێنە گەورەكەدا ھۆكاری فرە و دەست و دەخالەتی نەبینراو و شاراوە ھەن كە نایەڵن ئەم حیزبە بچێتەوە سەر سكەی ڕەقەمی گەشی سیاسیی خۆی لە ساحەكەدا، ئەوانەی لە بیردۆزی پلانگێڕیی و بەرنامە شاراوەكانی دژە ئیسلام و ڕەوتی ئیسلامخوازیی شارەزان، لەم قسەیە تێدەگەن.
بابە بھێڵن ئەم تۆزە لەم قوڕە ھەستێت، سوێند بە خوا بزووتنەوەی ئیسلامیی نەمێنێت، سەردەم و نەوەیەك دێتە پێش، گا سەربەرەوخوار ھەڵدەواسرێت و میحراب و نوێژ دەبنە خۆڵەكەوەی مێژوو، ئیدی نەوەیەك حوكمی نەتەوە دەكات بە ئەلف دەڵێت تێڵا و بە نوێژخوێنان دەڵێن ئەوە بۆ ڕۆژانە پێنج جار خۆتان داون دەكەن وەك یاری پەپجیی و بەھای باڵا و كەرامەت و مۆڕاڵی ئاینیی و نەتەوەییش دەبنە گەمە و مەزەی تیكتۆك.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close