نوسەران

وتاربێژەکانمان خۆیان پێویستیان بە وەعزە نەک ئێمە

وتاربێژەکانمان خۆیان پێویستیان بە وەعزە نەک ئێمە

پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

ئەم تایتڵە لەوانەیە سەیر بێت ، بەڵام ئەوە ڕاستییە تاڵەکەیە کە دەبێت بیڵێین : زۆرێک لە زانایان و وتاربێژەکانمان ئەمڕۆ پێویستیان بەوەیە بگەڕێنەوە بۆ زانست و بو خوێندن .

مەبەستمان ئەوە نییە کە ئەوان زانستی شەرعیان نییە ، مەبەستمان ئەوەیە وازیان لە فێر بوون و خوێندنەوەی قوڵ هێناوە ، یان لە یەک زانستدا وەستاون لە سەردەمێکدا کە پێویستی بە چەندین زانست هەیە.

کەموکوڕییەکە ڕوونە و دەکرێ بە زانستیی بپێورێت :

یەکەم / کەموکوڕی و لاوازی مەعریفی.

وتاربێژی ئەمڕۆ دەم لە ئابووری دەکوتێ و یەک کتێبی لە ئابووریدا نەخوێندووەتەوە ، باس لە دەروونناسی دەکات و جیاوازی نێوان خەمۆکی و دڵەڕاوکێ نازانێت ، باس لە پزیشکیی دەکات و جیاوازی نێوان ڤایرۆس و بەکتریا نازانێت ، باس لە سیاسەت دەکات و مانای دەوڵەتی مۆدێرن نازانێت.

ئەنجامەکەی : وتارێکی ڕووکەش ، هەمان بیرۆکە دووبارە دەکاتەوە ، بیست ساڵە هەمان چیرۆک دەگێڕێتەوە.

دووەم / کەموکوڕی مەنهەجیی.

زانستی مۆدێرن لەسەر پرسیار و لێکۆڵینەوە و بەڵگە و پێداچوونەوە وەستاوە ، بەڵام وتاری بانگەوازییمان زۆر جار لەسەر دەنگی بەرز و هاوار و سۆز و چیرۆکی کاریگەر وەستاوە ، بەبێ بەڵگە و ئامار و لێکۆڵینەوە.

ئێمە لە دوو خولەکدا ڕای خۆمان لەسەر کێشەیەکی ئاڵۆز دەدەین ، لە کاتێکدا توێژەرێکی زانستی پێویستی بە دوو ساڵە بۆ ئەوەی لێی بکۆڵێتەوە .

سێیەم / کەموکوڕی زمان و دەربڕین .

جیهانی ئەمڕۆ بە زمانی زانست قسە دەکات ، بە زمانی ژمارە ، بە زمانی عەقڵ .. وتاربێژەکەمان هێشتا بە زمانی سەدەی ڕابردوو قسە دەکات ، بە زمانی وەعز تەنها ، بۆیە گەنج گوێی لێ ناگرێت ، خوێندەوار باوەڕی پێ ناکات و ، کاریگەریی لەسەر کەس نیە تەنها جگە ئەوەنەبێ لە هەمان ئاستی خۆیدایە.

چارەسەری زانستیی چییە ؟

چارەسەر لە زیادکردنی ژمارەی وتارەکاندا نیە ، بەڵکو چارەسەر ئەوەیە وتاربێژەکەمان دووبارە بنیاتی مەعریفی و زانستیی خۆی بکاتەوە.

١ — بنیاتنانەوەی مەعریفیی تۆکمە ..
تەنها فیقهـ خوێندن بەس نییە ، دەبێت دەروونناسیی ، کۆمەڵناسیی ، ئابووریی ، ڕاگەیاندن و کولتووری هاوچەرخ بخوێنێت ، چونکە خەڵکی ئەمڕۆ تەنها ناپرسن : ئەمە حەڵاڵە یان حەرامە؟ بەڵکو دەپرسن : چۆن بژیم ؟ چۆن منداڵەکانم پەروەردە بکەم ؟ چۆن سەرکەوتوو بم ؟ چۆن لەگەڵ دڵەڕاوکێدا بەرەنگار ببمەوە ؟

٢ — بنیاتنانەوەی مەنهەجیی .
فێر ببێت چۆن لێکۆڵینەوە بکات ، چۆن لە فەرموودە دڵنیا ببێتەوە ، چۆن ئامارێک بخوێنێتەوە ، چۆن بیرۆکەیەکی زانستی بەبێ ترس و دوودڵی تاوتوێ بکات .. لە گێڕانەوەو گوازەرەوەی قسەو ڕیوایەتەوە بگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنەری مەعریفە .

٣ — خۆپێگەیاندنی بەردەوام .
زانست لە سەردەمی ئێستاماندا هەر پێنج ساڵ جارێک دوو هێندە زیاد دەکات و نوێ دەبێتەوە.. ئەی چۆن وتاربێژێک کە ماوەی بیست ساڵە لە پەیمانگا یان زانکۆ دەرچووە یان مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە واز لە خوێندنەوە دەهێنێت ؟ هەندێ جار بە درێژایی ساڵێک کتێبێک لە پسپۆڕیی و بوارەکەی خۆشیدا ناخوێنێتەوە ؟؟لەڕاستیدا زەرورە زانا و وتاربێژان بەرنامەو پلانی خوێندنەوەی ساڵانە و خولی ڕاهێنان و پێداچوونەوەی زانستیان هەبێت ، وەک پزیشکان و ئەندازیاران.

بێ گومان کێشەکە لە لاوازی ئیماندا نییە ، لە خاڵی بوونەوەی هەگبە زانستیەکەدایە .

ئێمە ئێستا پێویستمان بە وتاربێژی زیاتر نییە ، پێویستمان بە زانستە بۆ وتاربێژ .
پێویستمان بە دەنگی بەرزتر نییە ، پێویستمان بە عەقڵێکی قووڵترە ،
پێویستمان بەکەسێک نییە کە لەسەر مینبەر بمانگرێنێت ، پێویستمان بەوەیە کە فێرمان بکات چۆن لە دوای ئەو بژین.

ئەگەر زاناکانمان و مەلاکانمان ئامادە نەبن فێر ببن و بونیادی مەعریفی خۆیان بکەنەوە ، شایەنی ئەوە نین یان ناتوانن خەڵکی تر فێر بکەن .
ئەگەر وتاربێژ نەخوێنێتەوە ، شایەنی ئەوە نییە گوێی لێ بگیرێت.

گەڕانەوەی زانایان بۆ زانست ، خۆشەویستییەکی فیکری نییە ، پێویستییەکی شەرعیی و ئانیی سەردەمەکەیە ، چونکە نەزانین بە ناوی دینەوە ، لە نەزانینی خۆی مەترسیدارترە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close