
وتەبێژی حكومەتی عێراق:
حكومەت قەرز ناكات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە
باسک نێت
حکومەتی عێراق ئەو راپۆرتانە رەتیدەكاتەوە باس لەوە دەکەن، عێراق بەنیازە بڕی 16 ترلیۆن دینار لە سعودیە، کوەیت، چین، ئەڵمانیا و فەرەنسا قەرز بکات بۆ دابینکردنی کورتهێنانی بودجەو جەخت دەكاتەوە، سیاسەتى حکومەت لەسەر بنەمای وەبەرهێنانی داهاتەکانە بۆ پشتگیریکردنی خەرجییە گشتیەکان.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەت بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی راگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە نیازی عێراق بۆ قەرزکردنی 16 تریلیۆن دینار لە چەند وڵاتێک بۆ پڕكردنەوەی کورتهێنانی بودجە نادروستن؛ پێویست بە قەرزکردنی لەو شێوەیە ناکات، بە لەبەرچاوگرتنی پێوەرەکانی ئێستا بۆ هەناردەکردنی نەوت.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت سیاسەتێکی ئابوری پیادە دەكات کە لەسەر بنەمای تەرخانکردنی وردی داهاتەکانی عێراق و ئاڕاستەكردنێتی بۆ پاڵپشتیکردنی خەرجییە گشتیەکان و دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی دەوڵەت، روونیشكردەوە، زیادبوونی قەبارەی هەناردەکردنی نەوت بەشداربووە لە بەرزکردنەوەی داهاتەکان.
عەبودی دووپاتیشی کردەوە، حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئابوری خۆی، کە پشت بە زۆركردنی سەرچاوە داراییە بەردەستەکان دەبەستێت، بۆ زامنكردنی پاڵپشتی خەرجییە گشتیەکان و دابین كردنی پێداویستییە داراییەکان.




