
لە نێوان چاوەڕوانیی دەرفەت و خوڵقاندنی کاردا
داهاتووی گەنجانی کوردستان لە بازاڕی هاوچەرخدا
شەپۆل احمد✍️باسک نێت
لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا، کاتێک باسی ئابووریی نیشتمانی و گەشەپێدانی بەردەوام دەکرێت، ناتوانرێت ڕۆڵی گەنجان وەک داینەمۆی سەرەکیی ئەو گۆڕانکارییانە پشتگوێ بخرێت. گەنجان هەمیشە وەک هێزی نوێ بووەوە و داهێنەری نێو کۆمەڵگا سەیر دەکرێن، بەڵام کاتێک ئەم وزە مرۆییە دەگاتە قۆناغی تێکەڵبوون بە بازاڕی کار، ڕووبەڕووی گرفتێکی گەورە لە بەربەستی پێکهاتەیی و کلتوری دەبێتەوە.
پرسیاری جەوهەری لەم قۆناغەدا ئەوەیە ، ئایا سیستەمی پەروەردە و ژینگەی ئابووریی هەرێم پەرە بە خەیاڵی داهێنەرانە و کلتوری خاوەن کاربوون دەدەن، یان تەنها نەوەیەک بەرهەم دەهێنن کە چاویان لەسەر مێزێکی ئامادەکراوی فەرمانگەیەکە؟
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە پاشەکشەی کلتوری دروستکردنی کار لە بەردەم بەرژەوەندی کلتوری چاوەڕوانیی دامەزراندن دایە و ئەوەش زیانێکی گەورەی لە وزەی داهێنانی گەنجان داوە و وایکردووە ئابووریی هەرێم لە بازنەیەکی داخراودا بمێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی وەک بانکی جیهانی (World Bank)، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ILO) و داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێم، پێکهاتەی هێزی کار لە کوردستاندا نیشاندەری ناهاوسەنگییەکی گەورەیە.
زۆربەی هەرە زۆری دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان هاوکێشەی کار بۆ کەسێکی تر یان کار بۆ دەوڵەت هەڵدەبژێرن. ڕێژەی کارامەیی خاوەن کاربوون و ڕێژەی سەرکەوتنی دەست پێکەرەکانی کاری سەربەخۆ لە ئاستێکی زۆر نزمدا ماوەتەوە. ئەم واقیعە پێمان دەڵێت کە گەنجی کوردی تەمبەڵ نییە و لە هێزی کار ڕاناکات، بەڵکوو ئەو لە ناو سیستەمێکدا گۆش کراوە کە تەنها فێری کردووە چۆن ببێتە مووچەخۆر ، نەک چۆن ببێتە خاوەن کار و دەرفەتی کار بۆ خۆی و دەوروبەریشی بخوڵقێنێت.
بۆچوونی ڕەخنەیی هاوچەرخ پێمان دەڵێت کە لۆمەکردنی تەنها یەک لایەن لەم هاوکێشەیەدا نادادپەروەرییە. کێشەکە زنجیرەیەکی پێکەوەبەستراوە لە سێ کوچکەی پەروەردە، کلتوری کۆمەڵگا، و سیاسەتی ئابووری دا پەنگی خواردۆتەوە.
زانکۆ و قوتابخانەکانی ئێمە هێشتا لەسەر بنەمای تێۆری کۆن و لەبەرکردن کار دەکەن. خوێندکار کاتێک بڕوانامە وەردەگرێ یان بڕوانامە دەردێنێ، خاوەنی هیچ کارامەییەکی بازاڕی یان لێهاتووییەکی تەکنیکی نییە کە بتوانێت ڕاستەوخۆ پڕۆژەیەکی سەربەخۆی پێ دەست پێبکات.
ئەگەرچی حکومەت لە ڕێگەی پڕۆگرامی قەرزی بچووک یان هەندێک دەست پێشخەری یەوە هەوڵی داوە، بەڵام ئەم هەوڵانە لە ئاستی پێویستیی بازاڕەکەدا نین. سیستەمی بانکیی هەرێم پشتگیریی ڕاستەقینەی بیرۆکە نوێیەکان ناکات و یاساکانی باج و تۆمارکردنی کۆمپانیاش بۆ دەستپێکەرەکان هێشتا ئاڵۆزن.
لەلایەکی تریشەوە خێزان و کۆمەڵگا لە کوردستاندا هێشتا مووچەی جێگیر و پۆستی حکومی بە نیشانەی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و پاشەڕۆژی ڕوون دەزانن. ئەم جۆرە تێڕوانینە ترسی سەرکێشی (Risk-taking) لە لای گەنجان دەکوژێت، لە کاتێکدا کەرتی خاوەن کاربوون بەبێ سەرکێشیی دروست، گەشە ناکات.
گەنجانی هەرێمی کوردستان لە جیهانی ئەمرۆدا کە بەرەو تەکنۆلۆژیا، زیرەکیی دەستکرد و داهێنانی سەربەخۆ دەڕوات، نابێت تەنها وەک کێشەیەکی بێکاری سەیر بکرێن، بەڵکوو ئەوان گەورەترین دەرفەتی دەستنەکەوتووی ئەم نیشتمانەن. هێزی گۆڕانکاری لە دەستی گەنجاندایە، بەڵام کلیلی سەرکەوتنی ئەم هێزە لەوەدایە کە ژینگەیەکی وایان بۆ بڕەخسێنرێت چیتر چاوەڕوانی دەستی دەوڵەت یان کۆمپانیا گەورەکان نەبن، بەڵکوو خۆیان ببنە ئەندازیاری داهاتووی ئابووریی خۆیان و وڵاتەکەیان. کاتێک گەنج باوەڕی بە توانای خۆی هەبوو و سیستەمیش پشتیوانی کرد، نەک تەنها بازاڕی کار، بەڵکو کلتوری بەرهەمهێنانیش لە بنەڕەتەوە دەگۆڕێت.




