ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنهوهی ئیسلامینوسەرانهەواڵ
( ١٣- ٥ ) ئەو ڕۆژەی میحراب بوو بە سەنگەر و قەڵەم بوو بە چەک

( ١٣- ٥ )
ئەو ڕۆژەی میحراب بوو بە سەنگەر و قەڵەم بوو بە چەک.
سەلام کەریم عبداللە✍️باسک نێت
لە مێژووی گەلی کورددا، هەندێک ڕێکەوت تەنیا ژمارە نین، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژووین و ناسنامەی نەتەوەیەکی زیندوون. ( ١٣ی ٥ ) کە بە “ڕۆژی ڕاپەڕینی هەڵەبجە و هیجرەتی مامۆستایانی هەڵەبجە ” لە مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامیدا دەناسرێت، تەنیا یادی دامەزراندنی حزبێکی ئاینی و سیاسی نییە ، بەڵکو گوزارشتە لە یەکگرتنی “باوەڕ” و “کوردایەتی” لە سەردەمێکدا کە بەعس دەیویست ڕۆحی بەرگری لەم نیشتمانەدا بکوژێت.
پێشەنگەکان: لە میحرابەوە بۆ مەیدانی خەبات
بزووتنەوەی ئیسلامی کاتێک هاتە کایەوە، کە متمانە بەخۆبوون و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی بەعس پێویستی بە جۆرە ورەیەک بوو کە لە عەقیدەیەکی پتەوەوە سەرچاوەی گرتبێت. لێرەدا ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەری مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز و مامۆستا مەلا عەلی عەبدولعەزیز و کۆمەڵێک زاناو مامۆستای ئاینی دەردەکەوێت.
ئەم سەرکردانە سەلماندیان کە میحراب و مینبەرەکان تەنیا بۆ ئامۆژگاری نین، بەڵکو دەکرێت ببنە سەنگەری پاراستنی کەرامەتی میللەتێک. ئەوان بە چەک و بە قەڵەم، ڕێگەی تێکۆشانیان ڕوناک کردەوە و پێناسەیەکی نوێیان بۆ خەباتی ئیسلامی لە کوردستاندا کێشا، کە تێیدا ئیسلامبوون و کوردبوون دوو دیوی یەک دراون و لێک جیا نابنەوە.
یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی ئەم بزووتنەوەیە، پاراستنی ناسنامە “خۆماڵییەکەی” بووە. لە مێژوویەکی پڕ لە هەورەبروسکەی سیاسی و سەربازیدا، بزووتنەوەی ئیسلامی وەک هێزێکی چەکداری کاریگەر دژی بەعس وەستایەوە و گورزی کوشندەی لێدان.
ئەمڕۆ کە دەڕوانینە دۆخەکە، دەبینین ئەم هێزە باجی “ڕاستگۆیی” و “سەربەخۆیی بڕیار” دەدات. لە سەردەمێکدا کە فشار و سانسۆرێکی توند هەیە بۆ ئەوەی بڕیارە چارەنووسسازەکان بخرێنە ژێر ڕکێفی دەوڵەتە ئیقلیمییەکان، بزووتنەوەی ئیسلامی وەک قەڵایەکی خۆماڵی ماوەتەوە. ئەم هێزە ئامادە نەبووە عەقیدە و کوردبوونی خۆی بکاتە قوربانی بەرژەوەندییە کاتییەکانی دەرەوە، هەر ئەمەشە وای کردووە هەمیشە لەژێر زەخت و گۆشەگیریی سیاسی و ڕاگەیاندندا بێت.
لە ئێستادا و لەژێر ڕابەرایەتی شێخ عیرفان عەبدولعەزیز، بزووتنەوەی ئیسلامی قۆناغێکی نوێ لە کار و تێکۆشانی سیاسی دەستپێکردووە.
ڕۆڵی شێخ عیرفان تەنیا لە ناوخۆدا چڕ نەبووەتەوە، بەڵکو لەسەر ئاستی دەرەوە و لە کۆڕ و کۆبونەوە نێودەوڵەتییەکاندا، توانیویەتی دەنگی ڕاستەقینەی گەلی کورد و مێژووی پڕ لە قوربانی ئەم بزووتنەوەیە بگەیەنێت.
هەوڵەکانی جەنابیان بۆ یەکخستنی ناوماڵی ئیسلامی و پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی، نیشانەی ئەوەن کە ئەم دارە بەهێزەی لە ( ١٣ی ٥ ) دا چێنرا، هێشتا ڕەگەکانی لەناو خاکی ئەم نیشتمانەدا وا داکوتراون بە هیچ باهۆزێکی ئیقلیمی هەڵناکێشرێن.
کەواتە ( ١٣ی ٥ )، یادی هێزێکە کە لەناو جەرگەی خەڵکەوە ڕووی لە دوژمن کرد. یادی مێژوویەکە کە تێیدا مامۆستایانی ئاینی پێشەنگی قوربانیدان بوون. سڵاو لەو ڕۆژەی کە “خۆر”ی بزووتنەوەی ئیسلامی تێدا هەڵهات و بووە چرایەک بۆ ڕێگای ڕوناکی نەتەوەی کورد .




