نوسەران

چاوپێكەوتنەكەی (ترەمپ) و (زێلێنسكی) و ڕۆژێكی ڕەش

چاوپێكەوتنەكەی (ترەمپ) و (زێلێنسكی) و ڕۆژێكی ڕەش

پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

چاوپێكەوتنەكەی دوێنێی (ترەمپ) و (زێلێنسكی) لە کۆشکی سپی ڕۆژێكی ڕەش بوو بۆ ئەمریكییەكان و ئەوروپییەكان و ئیسرائیل و بە هەمان شێوە ڕووسیاش ! هەمووان وا تێ دەەگەن ئەو دانیشتنە لە بەرژەوەندی ڕووسیەكاندا بوو ، بەڵام لە واقیعدا پێچەوانەكەی ڕاستە ، چونكە هەرەسهێنانی ڕێكەوتننامەی كۆتایی هێنان بە جەنگ واتە كابوسێك بۆ روسیا ! چونكە دوور نیە گەلی ئۆكرانیا بڕیاری بەرپاكردنی شەڕێكی سی ساڵەی پارتیزانی بدەن ، كە ئەو جەنگە پارتیزانیەش ئەگەر ڕووبدات پێناچێ وەك هەر جەنگێكی تری تەقلیدی پارتیزانی وابێ … بەڵكو جەنگێكی لەو شێوە كارەسات و جەهەننەم بۆ ڕووسیا دەخولقێنێ!

سوپای ئۆكرانیا ئێستا بە بەهێزترین سوپای ئەوروپا لە قەڵەم دەدرێ ! كە توانای شەڕكردنی هەیە سەرەڕای ئەوەی هێڵەكانی پێشەوەی شەڕ لەگەڵ ڕووسیادا ماندوویان كردووە ، ئەو سوپایە ئێستا كەرەستە و ئامڕازو كەلوپەلی سەربازیی ترسناكی لەبەردەستدایە و ، شارەزاییەكی ئاست بەرزو بێ وێنەی هەیە لە بواری سەربازیی و جەنگ و ڕووبەڕوونەوەدا !!

بۆیە دەبێ چ چارەنوسێك ڕووبەڕووی ڕووسیا بێتەوە ئەگەر ئەو سوپایە بەو هەموو توانایەوە و پشت ئەستوور بە پشتیوانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كە لانی كەم لە (17) وڵات كەمتر نابن بچێتە نێو شەڕێكی پارتیزانی گەورەی بەرفراوانەوە دژ بە ڕووسیا؟!

دیارە شەڕی پارتیزانیش بەهێزترین دەوڵەتەكانی دنیای شكست پێهێنا لە هەریەك لە جەزائیرو ڤێتنام و ئەفغانستان!

شەڕێكی لەو جۆرە ماڵكاول كەر دەبێ بۆ ڕووسیا و بۆ گەلەكەی ، بۆ ڕووسیایەك كە بۆ ماوەی (20) ساڵ ئینجا توانی كۆنتڕۆڵی شەڕێكی پارتیزانی تاقمێكی میللی لاواز لە پانتاییەكی جوگرافی بچوكی وەك شیشان بكات! نەخاسمە گەل و سوپای ئۆكرانیا كە بەباشترین و مۆدێرنترین چەكی سەردەم چەكداركراون و بەگیانی تۆڵەكردنەوەی یەك ملیۆن كوژراوەوە جەنگ دەكەن و پەلامار دەدەن!!.

لە سەرەتای هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا (ترەمپ) بانگەشەی ئەوەی دەكرد گوایە لەماوەی 24 كاتژمێردا كۆتایی بە جەنگی ئۆكرانیا دەهێنێ! ئەمەش — وەک هەندێک دەڵێن — زیاتر لە وەهمەوە نزیک بوو ، چونكە دیارە ئێستا جیهان گۆڕاوە و ئەمریكاش پاشەكشەیەكی گەورەی كردووە و ، لە زۆرێك لە وڵاتان و ناوچەكانی جیهانیشدا دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی و هەیمەنەی لەدەست داوە!
ئێمە دەبینین زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی پلانەكەی (ترەمپ)یان بۆ كۆچپێكردنی فەلەستینیەكان لە غەززە ڕەتكردەوە ، حەماس چەك دانانی ڕەت كردەوە ! جگە لە ڕەتكردنەوەی سەفقەكەی (ترەمپ) لەگەڵ (پۆتین) لەلایەن ئەوروپاوە ، هەروەها هەڵمەتە نێودەوڵەتیەكانی تر بۆ ڕەتكردنەوەی هەیمەنە و گێچەڵیەکانی (ترەمپ)!
لەڕاستیدا چاوپێكەوتنەكەی دوێنێی (ترەمپ) و (زێلێنسكی) ڕۆژێكی ڕەش بوو بۆ (پۆتین) بە پلەی یەکەم ، دواتر بۆ ئەوروپا بە پلەی دووەم ، ئینجا بۆ ئیسرائیل بە پلەی سێیەم ، چونكە تەلئەبیب زۆر هیوای لەسەر سەفقەی ئۆكرانیا هەڵچنیبوو دەست واڵای بكات و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش پشتیوانی ئەو سەفقەیە بكەن ، كە بە (سەفقەی سەدە) ناسێنراوە بۆ گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسرائیل!
بەشێك لە شارەزایانی سیاسی بڕوایان وایە جیهانی ئیسلامیی تاكە لایەنیی سوودمەندی چاوپێكەوتنەكەی (ترەمپ) و (زێلێنسكی) بوو!! لەلایەكەوە بزووتنەوەی حەماس (كارتی زەمەن)ی لە پڕۆسەی گفتوگۆكاندا دەست دەكەوێت كە مەعلومە هەندێ جار خاڵی زەمەن لە گفتوگۆكاندا لە هەموو چەكێكی تر بەهێزترە! دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا كاتێكی زیاترو هەلێكی ئاڵتونی و گونجاوترو لەبارتریان بۆ دەڕەخسێ بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و خۆیان بەدوور بگرن لە پڕۆسە و بیرۆكەی لە قاڵبدانیان لەلایەن ڕۆژئاواوە و ، گۆڕینی ئەو ئاڕاستەیە بەرەو ڕۆژهەڵات! دیارە ئەوان (واتە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا) چەندەی نێوماڵی خۆیان ڕێك و تۆكمەتر بكەنەوە ڕۆڵ و كاریگەریی و سیاسەتی دەرەكیان بەهێزتر دەبێ و ، زیاتر دەتوانن ناكۆكیە نێودەوڵەتی و جیهانیەكان بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان بقۆزنەوە!
دەتوانین بڵێین : بارودۆخی جیهان بەگشتی بەرەو لاواز بوون و هەرەسهێنان و پووكانەوە دەڕوات ، وڵاتان و گەلانی جیهانی ئیسلامیش زیاتر بەرەو ڕزگاریخوازیی و ئازادیخوازیی هەنگاو دەنێن! هەر لە دەركردنی ئەمریكا و ناتۆ لە ئەفغانستان ، دەركردنی فەڕەنسا و هێزە ئەوروپیەكان لە وڵاتانی (مالی) و (نایجریا) و (بۆركینافاسۆ) ، ئازادكردنی هەرێمی (ناگۆرنۆ — قەرەباغ) و دەركردنی ڕووسەكان و ئەرمەنەكان تێیدا ، دەركردنی فەڕەنسیەكان لە (چاد) و (سەنیغال) ، ڕووخاندنی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد و دەركردنی ئێرانیەكان و ڕووسەكان لەو وڵاتە ! لە فەلەستینیش ئازادكردنی زۆرێك لە دیلەكان لە گرتوخانەكانی ئیسرائیل و ، ئیفلیج پێكردنی سوپای جولەكە لە غەززەو ناوچەكانی تر!

لە كۆتاییدا دەڵێین : دوێنێ و پێشتریش ئەوروپا و هەموو جیهان دیمەنە ڕاستەوخۆكانی سوكایەتیكردنی ئەمریكایان بە سەرۆكەكانی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانی واشنتۆن بینی! سەرۆكی فەڕەنسا ، سەرۆكی ئۆكرانیا ، پادشای ئوردون … خوا بزانێ كێی تریش بەڕێوەیە ! ئێستا كە ئەوروپاش هەستی بەو ڕاستیە كردووە كە ئەمریكا دان بە شتێكدا نانێت ناوی (هاوپەیمانەكان و دۆستەكان) بێ ، ئەمریكا تەنها دان بە یەك تایتڵدا دەنێ كە ئەویش بریتیە لە تایتڵی (بەرژەوەندیەكان) و بەس!
ئیتر جێی خۆیەتی ئەوانەش كە تا ئێستا هەر لە خەیاڵ و وەهمی ( ئێمە دۆستی ئەمریكاین ) ، ( پەیوەندی ستراتیژیمان لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەیە ) دەژین بە ئاگابێنەوە و پەند وەربگرن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close