جیهانڕاپۆرتهەواڵ

حکوومەتی سووریا 100 هەزار فه‌رمانبه‌رى بن دیواری ناردە ماڵەوە

باسک نێت

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، حکوومەتی ئێستای سووریا زیاتر لە 100 هەزار فه‌رمانبه‌رى لە دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت دەر کردووە، کە ئەوانە فه‌رمانبه‌رى بندیوار بوون.

ڕامی عەبدولڕەحمان لە لێدوانەکانیدا بۆ كه‌ناڵى (حوڕه‌)ى ئه‌مریكی، ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەتی سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزه‌ر لە سووریا، ئەحمەد شه‌رع، فه‌رمانى “دەرکردنی بەکۆمەڵ”ی هەزاران فه‌رمانبه‌رى لە سەرانسەری پارێزگاکان ده‌ركرد.

دووپاتی کردەوە کە کۆی ژمارەی ئه‌و فەرمانبەرانه‌ى ده‌ركراون لە 100 هەزار کەس تێدەپەڕێت، کە زۆربەیان مووچەی مانگانەیان لە 30 دۆلار زیاتر نییە.

دوایین بڕیارەکان، بە گوتەی به‌ڕێوه‌به‌رى ڕوانگه‌ سوورییه‌كه‌، بریتی بوون لە دەرکردنی هەزار و 580 فەرمانبەر لە کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی سووریا، هەروەها دەرکردنی 12 هەزار فەرمانبەر لە شاری لازقییە کە لە وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە کاردەکەن، هەروەها بەندەری لازقییە.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ سەرەتای مانگی ئازار بڕیارێک دەرکرا بۆ دەرکردنی سێ هەزار مامۆستا لە خزمەت.

هەروەها کۆمپانیای گشتیی بەرهەمە ئاسنیینەکان ڕۆژی چوارشەممە بڕیارێکی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی 500 کرێکار لە کارکردن “بۆ ماوەیەکی نادیار”.

لە سەرەتای مانگی شوباتدا، محەمەد سه‌گاف، وەزیری گەشەپێدانی کارگێڕی ڕایگەیاند، “دەوڵەتی سووریا تەنها پێویستی بە نێوان 550 هەزار بۆ 600 هەزار فه‌رمانبه‌ر دەبێت”، کەمتر لە نیوەی ژمارەی ئێستا كه‌ نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار فه‌رمانبه‌رى حكوومى هه‌یه‌.

لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی سوریا مەزەندە دەکات کە ژمارەی “فه‌رمانبه‌رى بندیوار” نزیکەی 400 هەزار کارمەندە، ئەمەش كێشه‌ى گه‌وره‌ى دروست كردووه‌ بۆ ئیداره‌ى نوێی ئه‌و وڵاـه‌

“فەرمانبەری بندیوار” زاراوەیەکە بۆ ئاماژەکردن بەو کەسانەی کە مووچە لە دەزگاکانی دەوڵەت یان حکوومەت وەردەگرن، بەڵام ئامادەیی جەستەیییان لە شوێنی کاردا نییە یان هیچ ئەرکێکی کار ئەنجام نادات.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close