
ئێران لە پێناو دروستكردنی چەكی ئەتۆمی كۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیادكردووە
باسک نێت
راپۆرتی نهێنیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم باس لەوە دەكات ئێران كۆگای یۆرانیۆنی پیتێنراوی خۆی بۆ ئاستێكی نزیك لە ئاستی پەیوەندیدار بە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی زیادكردووە، بەمەش داواكارییە نێودەوڵەتییەكانی پشتگوێ خستووە.
راپۆرتەكە دەڵێ: لە 17ی ئەم مانگەوە ئێران بووە بە خاوەنی 164 كیلۆگرام ماددەی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی 60%، ئەمەش بەو واتایە دێت كە لەدوای دواین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەییەوە كە مانگی ئایار دەرچووە، ئێران 22،6 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیاد كردووە.
یۆرانیۆم كە بە رێژەی 60% پیتێنرابێت هەنگاوێكی تەكنیكی كورتی دەمێنێت بۆ گەیشتن بە رێژەی 90%، كە ئاستی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمییە.
بەگوێرەی پێوەرەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لەڕووی تیۆرییەوە ئەو بڕە یۆرانیۆمە پیتێنراوەی كە ئێران هەیەتی، تەنیا 2 كیلۆگرامی تری ماوە بۆ گەیشتن بە بڕی پێویست بۆ دروستكردنی 4 بۆمبی ئەتۆمی، هەڵبەت ئەگەر یۆرانیۆمەكە زیاتر بپیتێنرێت.
راپۆرتەكەی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، كە ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشەیتد پرێس) ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردوەتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە” تاران چاوی بە بڕیارەكەی مانگی ئەیلوی 2023ی خۆیدا نەخشاندوەتەوە سەبارەت بە قەدەغەكردنی چاودێریكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی لەلایەن پشكنەرە هەرە پسپۆڕەكانی ئاژانسی وزەوە، هەروەك كامێراكانی ئاژانیسی وزەش هێشتا لەكارخراون”.
ئەمە جگە لەوەی راپۆرتەكە رایگەیاندووە، ئێران هێشتا هیچ وەڵامێكی پێشكەش نەكردووە سەبارەت بەو لێكۆڵینەوەی كە چەندین ساڵ لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەوە بەردەوام بووە، تایبەت بە سەرچاوەو شوێنی گەردیلەكانی یۆرانیۆمی دەستكرد، كە لە دوو ناوچە دۆزراونەتەوەو هەردوو ناوچەكەش پێشتر لەلایەن ئێرانەوە وەكو ناوچەی ئەتۆمی نەناسێندراون، ئەو دوو ناوچەیەش بریتین لە (فارامین)و (تورقوز ئاباد).
ئەمەش لەكاتێكدایە، لەدوای هەڵبژاردنی مەسعود پزیشكیانەوە وەكو سەرۆك كۆمارێكی ریفۆرمخواز، ئێران دەیەوێت كار بكات بۆ هەڵگرتنی ئەو سزا ئابورییانە بكات كە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە بەسەریدا سەپێندراوە.
هەروەك راپۆرتەكەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەكاتێكدا بڵاودەبێتەوە كە ئاڵۆزییەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی جەنگی بەردەوامی ئیسرائیلەوە لە غەززە پەرەسەندنی نوێ بەخۆوە دەبینێت و، ئێران بەردەوام هەڕەشەی هێرشی سەربازی بەرفراوان بۆسەر ئیسرائیل دەكات، بەتایبەتیش دوای كوژرانی ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە هێرشێكدا لە تاران.