جیهانڕاپۆرتهەواڵ

ئیسرائیل بۆچی دوای ئێران لە تورکیا دەترسێت؟

لە کاتێکدا ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو قۆناغێکی نادیار هەنگاو دەنێن، پێشکەوتنی خێرای تورکیا لە کایەی تەکنەلۆژیای سەربازی و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی، تەلئەبیبی خستووەتە بەردەم دووڕیانێکی ستراتیژیی قورس.

ئیسرائیل کە ساڵانێکی زۆر ئێران وەک تەنیا هەڕەشەی وجوودی دەبینی، ئێستا بەچاوێکی پڕ لە گومانەوە دەڕوانێتە دراوسێ باکوورییەکەی، کە چیتر تەنیا هاوبەشێکی سیاسی نییە، بەڵکوو وەک ڕکابەرێکی سەربازیی خاوەن شکۆ لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت.

ناوەندەکانی توێژینەوە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە، ترسی قووڵی خۆیان لەو پێشکەوتنە بەرچاوەی تورکیا لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە، ناشارنەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەی (ئیندپێندێنتی) عەرەبی: سیاسەتی ئەنقەرە کە ئامانجی دووبارە بونیادنانەوەی دەسەڵاتی خۆیەتی لە ناوچەکەدا، وەک مەترسییەکی ستراتیژیی بۆ سەر ئیسرائیل هەژمار دەکرێت.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات، لە کاتێکدا مەترسیی ئەوە هەیە تەواوی ناوچەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە بڕوات کە نەخشەی هاوسەنگییە ئەمنی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە بکێشێتەوە، تورکیا ئاستی ئامادەباشیی سەربازیی خۆی بۆ هەر پێشهاتێک کە دەست بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بەرێت، بەرز کردووەتەوە.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە روو، کە جیا لە بەهێزکردنی بوونی سەربازی لە باکووری قوبرس لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی شەش فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف-١٦، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی مووشەکیی پێشکەوتووی دوورهاوێژی پاتریۆتی لە مەلاتیە ڕاگەیاندووە.

ڕۆژنامەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، هەرچەندە ئەم هەنگاوانەی تورکیا لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەتەک هاوپەیمانی ناتۆدا بووە، بەڵام بۆ ئیسرائیل واتای ئەمنیی مەترسیداری هەیە و وای کردووە زۆرێک لە وەزیر و شیکەرەوە ئیسرائیلییەکان تورکیا بە (دوژمنی داهاتووی دوای ئێران) ناودێر بکەن.

شیاوی باسە کە لە ڕاپۆرتەکەدا هۆشدارییەکانی لیژنەی ڕاوێژکاریی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی (لیژنەی ناجل) خراوەتە روو کە جەخت دەکاتەوە دەبێت تەلئەبیب ئامادەکاری بۆ ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەتەک تورکیا بکات.

ڕۆژنامەی ئیندپێندێنت، ڕاپرسییەکی دەزگای (ئەرێدا سێرڤە)ی لەژێر ناونیشانی «پیشەسازییە بەرگرییەکان و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا» خستووەتە روو، کە (46%) بەشداران پێیانوایە ڕەنگە ڕۆژێک ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر تورکیا، هەروەها (54%)ی بەشداران دووپاتیان کردووەتەوە کە پێشانگای پیشەسازیی بەرگریی نێودەوڵەتی لە ئیستانبوڵ، متمانەی پێ بەخشیون لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکاندا.

ڕۆژنامەکە هەروەها باسی لەوەش کردووە، سەرەڕای لێدوانە مشتومڕاوییەکانی نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، کە تورکیای بە (ئێرانی نوێ) وەسف کردبوو و هۆشداریی دابوو لە هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ بونیادنانی تەوەرێکی سوننەی دژە ئیسرائیل، بەڵام یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆی بە کەم زانیوە و ئاماژەی بە بوونی کەناڵەکانی پێوەندی و هەماهەنگی لەتەک لایەنی ئیسرائیلی داوە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر بارودۆخێکی نەخوازراو.

بەگوێرەی ناوەندی (سیتا) بۆ توێژینەوە سیاسی و ئابوورییەکان، ئەنقەرە هەوڵ دەدات هاوسەنگییەکی ورد لەنێوان پێوەندییەکانی لەتەک ڕۆژئاوا و بەرژەوەندییە ناوچەیییەکانیدا ڕابگرێت.

بەپێی ڕۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرۆنۆت)، وتاری سیاسیی تورکیا هێشتا لێوانلێوە لە ڕەخنەی تووند بەرامبەر تەلئەبیب. ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، کە ئیسرائیل نفووزی خۆی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکار دەهێنێت بۆ پەکخستنی پڕۆژە سەربازییەکانی تورکیا.

لەمبارەیەوە توێژەری تورکی (تەها ئۆغلو) دەڵێت: ئیسرائیل دژی هەر جۆرە باڵادەستییەکی تەکنەلۆژیی تورکیایە کە لەتەک فڕۆکەی ئێف-٣٥ و پیشەسازیی ناوخۆیی و درۆنەکاندا یەک بخرێت.

ڕۆژنامەی ئیندپێندێنت ئەوەشی خستووەتە بەرباس، کە جەنگی دوازدە ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، بووەتە وانەیەکی گرنگ بۆ ئەنقەرە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیای نیشتمانیی هەواڵگریی تورکیا کە ئاراستەی حکوومەت کراوە، پێشنیار دراوە تورکیا بە پەلە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی چەندین چین بونیاد بنێت.

ڕاپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە، کە لێکۆڵینەوەکە جەختی لەسەر پێویستیی خێراکردنی وەبەرهێنان لە سیستەمی بەرگری و مووشەکیی بالیستی کردووەتەوە، چونکە لە جەنگەکەی پاردا دەرکەوتووە کە بەرگرییە نەریتییەکانی ئێران نەیانتوانیوە ڕووبەڕووی جەنگی ئەلیکترۆنیی ئیسرائیل ببنەوە.

ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، کە دەبێت تورکیا سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و پەناگەی ستراتیژی لە شارە گەورەکاندا دروست بکات. هەورەها هۆشداریی داوە لە دزەکردنی سیخوڕی و کارکردن لەسەر هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ، بەتایبەت دوای ئەوەی دەرکەوت لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، توخمە ناوخۆییەکان ڕۆڵی گەورەیان هەبووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە پیشەسازیی بەرگریی تورکیا بازدانێکی مێژوویی بێوێنەی ناوە، کە هەناردەی سەربازی و ئاسمانیی تورکیا لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، کە ئەمەش گەشەی 48% نیشان دەدات بەراورد بە ساڵی 2024.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە ئێستا تورکیا 65% بازاڕی درۆنی جەنگیی جیهانیی داگیر کردووە.

لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەنجامی جەنگی ئێستا تەنیا هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ناگۆڕێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی تەلئەبیب بە تەواوی حساباتە ئەمنی و سیاسییەکانی خۆی بەرامبەر بە ئەنقەرە وەک ڕکابەرێکی ستراتیژیی سەخت دابڕێژێتەوە.

باسک نێت

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close