ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنه‌وه‌ی ئیسلامینوسەران

یادەوەری ١٣/٥؛ وەرچەرخانی ڕەوتی ئیسلامی لە پەروەردەی تاکەوە بۆ میلیتاریزەکردنی خەبات

یادەوەری ١٣/٥؛ وەرچەرخانی ڕەوتی ئیسلامی لە پەروەردەی تاکەوە بۆ میلیتاریزەکردنی خەبات

یەحیا کامیل ✍️باسک نێت
لە مێژووی سیاسیی گەلاندا، زۆربەی پارت و ڕەوتە شۆڕشگێڕییەکان بەرهەمی پڕۆسەیەکی درێژخایەنی ڕێکخستنی نهێنی و داڕشتنی تیۆریی پێشوەختەن کە ساڵانێکی زۆری خایاندووە. بەڵام کاتێک سەیری مێژووی سیاسیی هاوچەرخی کورد دەکەین، دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٨٧دا، وەک ڕووداوێکی دانسقە و مێژوویی خۆی دەنوێنێت. ئەم هێزە  لە ئەنجامی پلانی ستراتیجی درێژخایەنی سیاسی یاخود ئەجێندای کارەکتەرێکی نێودەوڵەتی یان هەرێمی دانەمەزرا ، بەڵکو لە جەرگەی ئاگر، ستەم و ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بێوێنەوە لەدایکبوو، کە ڕاستەوخۆ ڕێڕەوی خەباتی چەکداری و سیاسی لە باشووری کوردستان گۆڕی.

لە ڕوانگەی مێژووی سیاسییەوە، ساڵی ١٩٨٧ ساڵێکی پڕ لە کارەسات و گۆڕانکاری بوو، چونکە باشووری کوردستان لەژێر سێبەری ڕەشی شاڵاوەکانی بەناو ئەنفال و جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا بوو. لەو ساتەدا کە ڕژێمی بەعس هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردی دەدا،هەڵەبجە و خەڵکەکەی ڕاپەڕین، ڕاپەڕینی ئایاری ١٩٨٧ی هەڵەبجە تەنیا جووڵەیەکی سادە نەبوو، بەڵکو تەقینەوەیەکی جەماوەریی بوو کە پێویستی بە سەرکردایەتییەکی مەیدانی هەبوو. لێرەدا بزووتنەوەی ئیسلامی وەک هێزێکی دانسقە و  ئامانجدار لە هەناوی ئەو ڕاپەڕینەوە هاتە دەر، کە ئامانجە سیاسییەکانی ڕاستەوخۆ هاوتەریب بوون لەگەڵ داخوازییەکانی خەڵک بۆ ئازادی و ڕزگاری.

یەکێک لە ڕەهەندە هەرە گرنگەکانی دامەزراندنی ئەم هێزە، پڕکردنەوەی ئەو “بۆشاییە سەرکردایەتییە” بوو کە لە ناوچە پارێزگارەکانی وەک هەورامان و شارەزوور دروست ببوو.

لەکاتێکدا هێزە عەلمانی و چەپەکان لەژێر گوشارێکی سەختی سەربازیدا بوون، بزووتنەوە توانی زمانێک بدۆزێتەوە کە کۆمەڵگەی کوردی بە باشی تێی بگات، ئەویش زمانی “ئایین” بوو. ئەمە وایکرد کە دامەزراندنی بزووتنەوە وەک “پاساوێکی مێژوویی” و وەڵامێکی “جیهادی” بۆ توندوتیژییەکانی بەعس ئەژمار بکرێت، چونکە وزەیەکی جەماوەریی وای کۆکردەوە کە ئامادەی قوربانیدان بوون لەپێناو هەم  خاک و هەم باوەڕدا.

لە ڕووی فکرییەوە، بزووتنەوەی ئیسلامی پارادۆکسێکی گەورەی تێکشکاند، ئەویش تێکەڵکردنی چەمکی “موسڵمانێکی باوەڕدار” و “کوردێکی دڵسۆز” بوو. لەو ساڵانەدا، زۆرجار وا وێنا دەکرا کە ئایین نەک هەر ناتوانێت خزمەت بە دۆزی نەتەوەیی بکات، بەڵکو وەک پاشکۆیەکی بیری عەرەبی دەبینرا. بەڵام بزووتنەوە ئایینی کردە چەکێکی بەهیز، بەجۆرێک ئایین شەرعیەتی شەهیدبوون و قوربانیدانی دەبەخشی و هەستی نەتەوەییش شەرعیەتی مافی بڕیاردانی چارەنووس و خەبات بۆ خاکی دەستەبەر دەکرد. ئەم لێک گرێدانە وایکرد بزووتنەوە زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا، لەناو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا جێگەی خۆی بکاتەوە.

لە تیۆری سیاسیدا، ئەم وەرچەرخانە لە “پەروەردە”وە بۆ “شۆڕش” و “میلیتاریزم” گۆڕانکارییەکی گەورە بوو لە مێژووی ئیسلامی سیاسیی کوردیدا. بزووتنەوە تەنیا حیزبێکی بانگەواز نەبوو، بەڵکو هێزێکی چەکداری کارابوو کە توانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت. ئەوەی ئەم هێزە لەوانی تر جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە توانی بیری ئایینی زۆرینەی نەتەوەکە و بیری نەتەوەیی بۆ ڕزگاریی کوردستان لە یەک چوارچێوەدا کۆبکاتەوە، کە ئەمە شتێک بوو پێشتر بەو شێوە گشتگیرە بوونی نەبوو.

ئەوەی کە بزووتنەوەی ئیسلامی کردە هێزێکی دەگمەنی مێژووی هاوچەرخی ئیسلامی، گواستنەوەی کۆڕی وانە و ئامۆژگارییە ئاینییەکانی نێو حوجرە و تەکیەکان بوو بۆ جوڵەیەکی سەربازی خەباتگێڕانە کە هەم هەڵگری ئەو پڕەنسیبە ئاینییانەی حوجرە و تەکیەکان بوو ، هەمیش وەک هیزێکی میلیتاریستی خەباتگێڕانە هیزێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی بنیاتنا ، ئەم مۆدێلەی ڕەوتی ئیسلامی پێشتر هەرگیز لە مێژووی سیاسی کورددا بوونی نەبوو ، هەرچەند لەو سەدەیە و سەدەکانی پێشتردا ، جوڵانەوەی ئاینی شۆڕشگێڕانە هاوشیوەی شێخ سەعیدی پیران و شێخ عوبەیدوڵای نەهری بوونیان هەبووە ، بەڵام ئەوان لە هەناوی خێڵ و عەشیرەت بە پاشخانی ئاینییەوە خەباتییان کرد ، بەلام بزووتنەوەی ئیسلامی بەرئەنجامی پاردایمێکی فکری و واقیعی بوو، وە ئامانجی سیاسی لە خۆیدا وەک هێزیکی سیاسی مۆدێرن هەڵگرتبوو کە باوەڕی بە هەڵبژاردن و پڕۆژەی دەوڵەتسازی هەبوو.

بەکورتی، ڕۆژی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە ١٩٨٧دا، تەنیا لەدایکبوونی پارتێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو وەڵامێکی زەروور و دانسقە بوو بۆ قۆناغێکی تاریکی مێژوو. ئەم هێزە لە ناو خوێن و فرمێسکی هەڵەبجەوە دروست بوو تا بیسەلمێنێت کە ئایین و نەتەوە دەتوانن پێکەوە ببنە بزوێنەری شۆڕشێک، کە ئامانجەکەی تەنیا ڕزگاریی خاک نییە، بەڵکو پاراستنی ناسنامە و کەرامەتی مرۆڤی کوردیشە. هەر ئەمەشە وای لێدەکات وەک ڕووداوێکی بێوێنە لە مێژووی سیاسی کورددا بمێنێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close