نوسەران

قەیرانی غاز، بۆ قازانجی مانگانەی ٢٠ ملیار دینار دروستکراوە

قەیرانی غاز، بۆ قازانجی مانگانەی ٢٠ ملیار دینار دروستکراوە

مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نیشتیمانیدا

١٤٤ پەرلەمانتاری خەوتوو لە کوێن؟

ئیبراهیم عەلی✍️باسک نێت

لە دنیادا کاتێک قەیرانێک ڕوو لە هەر وڵاتێک دەکات، حکومەت هەوڵ دەدات بچێتە ژێرباری چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە. بەڵام ئێستا لە هەرێم دۆخەکە تەواو پێچەوانەیە.

لەگەڵ دروستبوونی شەڕی ئێران و ئەمریکاو ئیسرائیل کەم تا زۆر کێشەی غازی ماڵان لە هەرێم دروست بووە. نرخی بتڵێک غاز لە ٨ هەزار دینارەوە بووەتە نزیکەی ٤٠ هەزار دینار.

ئەسڵی کێشەکە

لە ترسی ئەنجامدانی هێرشی درۆنی و موشەکی کۆمپانیای دانا غازی ئیماراتی بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرت. بەڵام دوای هەفتەیەک دەستی بەکارەکانی کردەوە. بەڵام ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی ماڵانی کەمکردەوە.

پێشتر لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر، رۆژانە نزیکەی هەزار و ٢٠٠ تۆن غازی شل بەرهەم دەهێنراو بەپێی گرێبەستێکیش تەواوی ئەو بڕە غازە دەدرێت بە کۆمپانیای ساوزکوردستان. لەو بڕە غازەش ٥٠٠ تۆنی دەدرایە کارگەکانی غاز بۆ ئەوەی بەنرخی حکومی کە بۆ هەر بتڵێک غاز ٨٥٠٠ دیناربوو بفرۆشرێت. ٧٠٠ تۆنیش بەشێوەی بازرگانی دەفرۆشرا.

ئێستا بەهۆی ئەم دۆخەی هاتووەتە پێش، رۆژانە لەنێوان ٥٠٠ بۆ ٥٥٠ تۆن غازی شل لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت. ئەگەر ئەو بڕە غازەی ئێستا بەرهەم دەهێنرێت بەشێوەیەکی ئاسایی بدرێت بە هاوڵاتیان و بەشێوەی بازرگانی نەفرۆشرێت، شتێک نابێت بەناوی قەیرانی غاز. بەڵام لەو بڕە تەنیا ٢٠٠ تۆنی بەنرخی حکومی دەفرۆشرێت و ئەوەی دیکەی بە نرخی بازرگانی دەردێت بە بەنزینخانەکان.

قازانجێکی خەیاڵی لەسەر حیسابی هاوڵاتی
ڕۆژانە ٣٥٠ تۆن غازی شل کە دەکاتە ٦٨٦ هەزار لیتر غاز بە شێوەی بازرگای دەفرۆشرێت کە لە بنەڕەتدا بۆ هەر لیترێک غاز نزیکەی ٢٥٠ دینار دەدرێت بە کۆمپانیای داناغاز و ئەو کۆمپانیایەی کە گرێبەستی لەگەڵ داناغاز هەیە بە بازاڕ دەیفرۆشێتەوە. کە لە ئێستادا لە بەنزینخانەکان لیتری غاز ١٥٠٠ دیناری تێپەڕاندووە. واتە لایەنی کەم لە هەر لیترێک غاز هەزار دینار قازانج دەکاتە ٦٨٦ ملیۆن دیناری رۆژانەو زیاتر لە ٢٠ ملیاری مانگانە.

حکومەت خەوتووە؟ یا پەرلەمانتاران بێ ئاگان؟

حکومەتی هەرێم تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ ئەم دۆخە پێ نییە و ئەو کۆمپانیایە لە ژێر سێبەری حکومەتی هەرێم خەریکی کۆکردنەوەی قازانجێکی خەیاڵییە لەسەر حیسابی گیرفانی هاوڵاتی هەژارو کەمدەرامەت. حکومەتی نیشتیمانی و کۆمپانیای نیشتیمانی و سەرمایەداری نیشتیمانی لە کاتی قەیراندا گیرفانی خۆی دەخاتە خزمەت هاوڵاتیانی کەمدەرامەت. نەک چاو ببڕێتە گیرفانی هەژاران و ئەم قەیرانە بە دەرفەت بزانێت بۆ زیاتر خۆ دەوڵەمەندکردن.

لە هەرێمی کوردستان، ١٤٤ پەرلەمانتار کە گوایە نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن بوونیان هەیە ١٠٠ پەرلەمانتار لە پەرلەمانی کوردستان و ٤٤ پەرلەمانتاریش بەنوێنەرایەتی دهۆک و هەولێر و سلێمانی لە پەرلەمانی عێراقن. ئەگەر بەدواداچونتان بۆ کێشەی هاوڵاتیان نییە ئێوەمان بۆچییە تەنیا موچە وەربگرن؟

مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی
وەک سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت، هەر یەک لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژووییدان و دەتوانن بە یەک بڕیار کۆتایی بە چاوچنۆکی بازرگان و کۆمپانیاکان بهێنن و بڕیار بدەن تا ئەو قەیرانە تێدەپەڕێت غاز بەشێوەی بازرگانی نەفرۆشێت و ئەو بڕەی لە کۆرمۆڕ بەرهەم دەهێنرێت بە نرخی حکومی بدرێت بە هاوڵاتیان.

ئەمەش بەر لە هەموو کەس خۆیان قازانجێکی گەورەی مەعنەوی لێدەکەن بەوەی کە هاوڵاتی بزانێت و هەست بکات حکومەتێکی هەیە لە کاتی قەیرانەکان پشتیوانی هاوڵاتیانە نەک گیرفان پڕ کەرەکان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close