
بیرۆکەی ( ٣٠ – ٥٠ – ٢٠ ) پیادە بکەن
پ . د .سەعید عەلی محەمد✍️باسک نێت
ئێمە زۆر جار بە خۆمان نازانین دەکەوینە داوی ( هەڵپەی تەواو ) بە یەک ئاراستەدا ، ئەمەش وادەکات هاوسەنگی لە دەست بدەین و زۆرێک لە هەل و دەستکەوتەکانیشمان لە لەدەست بچن ..لەڕاستیدا پێگەیین و هۆشیاریی پیشەیی و مرۆیی و مەعریفیی دەخوازێ لە ئێمە وزەکانمان و تواناکانمان زیرەکانە و بەپێی ڕێژەیەکی وردبینیکراو دابەش بکەین بە شێوەیەک کە بەردەوامبوون و گەشەی بەردەواممان بۆ دەستەبەر بکات :
یەکەم / ڕێژەی 50% بۆ ( دەستکەوت و کارو پیشەی ئێستا ) :
ئەم نیوە هەوڵ و ماندوو بوون و کۆشش و کاتەی تۆ دەبێت ئاراستە بکرێت بۆ ئەوەی ئێستا تێیدا قاڵ و شارەزایت و ( ئەمان و بێخەم بوون ) ی ماددی و مەعنەویت بۆ دروست دەکات ، چونکە ئەمە ئەو ناوچەو پانتاییەیە کەتۆ دەتوانی داهێنانی تێدا بکەیت ، کاری ناوازە بکەیت ، ئەرکە ڕۆژانەکانی خۆتی تێدا بەوردی ڕاپەڕێنی… زیاد لەم ڕێژەیە ڕۆچوون لە ڕۆتینەکاندا دەبێتە هۆی کوشتنی تواناکانت لەڕووی داهێنانەوە ، کەمتر لەم ڕێژەیەش هەڕەشەو مەترسی لەسەر دڵنیایی و ئارامییت دروست دەکات .
دووەم / ڕێژەی 30 % بۆ ( گەشەپێدان و نوێکردنەوەو ئەبدەیتکردنەوەی کەرەستەو ئامرازەکانت ) :
ئا ئەمەیە ( سووتەمەنی بۆ داهاتوو) ، دەبێت وەبەرهێنان لەم ڕێژەیەدا بکرێت بۆ شارەزابوون و فێربوونی مەهارات و توانا نوێکان ، وەک ( زیرەکی دەستکرد ، زمانی نوێ ، سەلیقەو توانا کارگێڕیەکان ) کەدەکرێ ئەمانە ئەمڕۆ زۆر پێویستت پێیان نەبێت بەڵام لەداهاتوودا دەبنە ( دەرچەی دەربازبوون و ڕزگاربوون ) بۆ تۆ ، کاتێک گۆڕانکاری بەسەر بازاڕدا دێت ، یان ڕێگاو دەروازە داخراوەکان سەرهەڵدەدەن ، هەرکەسێک وەبەرهێنان لە ڕێژەی 30% لە کاتەکانی نەکات بۆ گەشەدان بەخۆی و بەرزکردنەوەی تواناکانی بە دڵنیاییەوە ئەو کەسە دوای پێنج ساڵی تر خۆی لە ( دەرەوەی ئەم سەردەمە ) دا دەبینێتەوە .
سێهەم / ڕێژەی 20% بۆ ( ئەزموون کردن و داهێنان ) :
ئەمە ئەو مەیدان و پانتاییەیە کە دەکرێ ( پانتایی هەڵەی ڕێگەپێدراو ) بێت ، هەوڵ بدە یەک لە سەر پێنجی کۆششەکانت بۆ ئەزموون کڕدن و تاقیکردنەوەی بیرۆکەی نوێ ، یان چوونە نێو پڕۆژە لاوەکیەکانەوە تەرخان بکەیت ، یان خوێندنەوە للەو بوارانەدا کە دوورن لە چوارچێوەی پسپۆڕیەکەی تۆوە ، دیارە ئەم ڕێژەیەیە کە دەتوانێت ( دەرگا جێگرەرەوە )کانت بۆ بکاتەوە ، خۆ ئەگەر ئەزموونەکەش شکست بهێنێت ئەوا تۆ هیچ زەرەرێکت نەکردووە جگە لە ڕێژەی 20 % نەبێ ، ئەگەر هاتوو ئەزموونەکەش سەرکەوتوو بوو ئەوا ڕێڕەوێکی ئەوتۆت بۆ دەکاتەوە کە دەتوانێت سەراپای ژیانی تۆ بە یەکجاری بگۆڕێت .
بۆچی ئەم بیرۆکەیە ( ڕاست و سەرکەوتووە ) ؟
— لە ئیفلاس و مایەپووچ بوون دەتپارێزێ : چونکە تۆ هێلکەکانت ناخەیتە یەک سەبەتەوە ( کارو پیشەی ئێستا ).
— چارەسەری ( خەمی دڵنیایی ) دەکات : بە تایبەتکردن و سەپاندنی کاتێک بۆ گەشەبەخۆدان ( 30% ).
— ڕێگەدەدات بە ( پاشەکشەی زیرەکانە ) : چونکە تۆ پێشتر ئەزموونی ترت هەیە ، ( ڕێژەی 20%) ڕێگات بۆ دەکاتەوە ئەگەر هاتوو ڕێڕەوەکەی ئێستات بە بنبەست گەیشت .
بەکورتی :
جیاوازی نێوان ( فەرمانبەری ڕۆتینی ئاسایی ) لەگەڵ (سەرکردەی ستراتیژیی) تەنها لە ” دابەشکردنی ڕێژەکانە ” …. فەرمانبەری ڕۆتینی 100% ی ڕێژەکە بۆ ئێستا بەکاردەهێنێت ، بەڵام سەرکردەی ستراتیژیی وەبەرهێنان لە ڕێژەی 50% دەکات بۆ داهاتوو .. لەبیرتان بێت ئەو کاتەی تەرخانی دەکەیت بۆ ( بنیاتنان و سازدان و پێگەیاندنی خۆت ) زەمەن هەندێکیت لێ وەردەگرێت لەبری ( سەنگی سەرکەوتنەکەت ).




