مامۆستا مەلا عەلی عەبدولعەزیزو
هەوڵە كانی بۆ بڵاوكردنەوەی هێرش وتاوانەكانی ڕژێمی سەدام بە جیهاندا:
علی حاجی زهڵمی
لە دوای ڕووداوەكانی كەنداو و داگیركردنی كوەیت لە لایەن عێراقەوە تاوانەكانی ڕژێمی عێراق زیاتر ڕوون بوونەوە بۆ جیهان و بەتەواوی حەقیقەتی ڕژێمی عێراق بۆ جیهان دەركەوت, جا بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستانی عێراق لە ڕووی بەرپرسیارێتیەوە بە گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەتی میللەتی عێراق و گەلی كورد بە تایبەتی, وەفدێكی بە سەرۆكایەتی بەڕێز مامۆستا مەلا عەلی عەبدولعەزیز ناردە دەرەوە بۆ زیاتر تیشك هاویشتنە سەر تاوانەكانی ڕژێمی بەعسی عێراق لە كوردستاندا و زیاتر ڕونكردنەوەی هەموو ڕاستیەك كە تائەوكاتە لەلای زۆرێك لە لایەنەكان ڕوون نەبوو، ئاگاداركردنی لێپرسراوێتی و موسڵمانان و لایەنە ئیسلامیەكان و مرۆڤ دۆستەكان لە بەرامبەر میللەتی كورددا, وە لە نێوان ئەم گەڕانانەدا بە ووڵاتان دا بەڕێز مامۆستا مەلا عەلی سەردانێكی پاكستانی كرد و دوای چەندان چاو پێكەوتن لەگەڵ چەندان شەخسیەتی مسوڵمانی پاكستانی و بەڕێزان ڕابەرانی جیهادی ئەفغانستان و موجاهیدی تێكۆشەر (ئەحمەد شاە مەسعود) هەستا بە بەستنی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەگەری لە بارەگای (موجاهیدین) لە پیشاوەر: پێشەكی برایەكی بزووتنەوە مامۆستای پێشكەشی ئامادەبووان كرد و داوای لە بەڕێزیان كرد كە تیشكێك بهاوێتە سەر تاوانەكانی ڕژێمی عێراق لە كوردستان!
پاشان مامۆستا مەلا عەلی لە دوای ستایشی خوای گەورە و درود و سڵاو دان لەسەر گیانی پێغەمبەر بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد و سوپاسی كردن لەسەر گرنگی دانیان بە برایانیان لە كوردستاندا و فەرمووی (ڕۆژنامەگەرێتی كارێكی گرنگە لە ئیسلامدا و ئەمانەتێكی گەورەیە لەسەر شانی ڕۆژنامە نوسی مسوڵمان، لەبەر ئەم گرنگیە دوژمنانی ئیسلام هەوڵیانداوە و دەدەن بۆ دەست بەسەرداگرتنی ڕاگەیاندن لە هەموو جیهاندا بە تایبەتی جیهانی ئیسلام), پاشان هاتە سەر تاوانەكانی سەددام لە كوردستاندا و فەرمووی (ئەو تاوانانەی سەددام لە كوردستاندا ئەنجامی داوە و ئەو ئێش و ئازار و ناڕەحەتیانەی بەسەر گەلی كورددا هاتووە ناتوانین لە ڕێگای ڕۆژنامەیەك و دوو ڕۆژنامە و كتێبێك و دووانەوە ڕوونی بكەینەوە)،
هەروەها زیاتر درێژەی بەم باسە داو بەراوردێكی كرد لە نێوان تاوانەكانی سەددام كەلە كوێتدا ئەنجامی داون و ئەو تاوانانەی لە كوردستاندا كردوونی، و ووتی: (ئێوە بەراوردێك بكەن لە نێوان ئەو تاوانانەی كە سەددام لەماوەی چەند سەعاتێكدا لە كوەیتدا ئەنجامی دا بەمەرجێك كوەیت هاوڕێیەكی دڵسۆز بوو وە لە خۆش و ناخۆشدا لەگەڵی دابوو و دەوڵەتێكە خاوەنی فڕۆكە و تانك
و چەكەمەنیە و لە نێوان ئەو تاوانانەی كە لە كوردستان دا لە ماوەی 22 ساڵی ڕابوردودا ئەنجامی داوە بەرامبەر میللەتێكی مەزڵوومی بێ دیفاع، سەددام هێرشەكانی خۆی بۆ كوردستان بە –ئەنفال- ناو دەبرد!
پاشان هاتە سەر ڕوونكردنەوەی حەقیقەتی حیزبی بەعس و فەرمووی: (حیزبی بەعس حیزبێكی خاچ پەرستی فكرەیە و خۆی لە ژێر چادری عەرەبایەتی دا حەشار دەدات), و پاشان فەرمووی (كاتێك میشل عەفلەق ئەم حیزبەی دروست كرد وا دروستی نەكرد وەك حیزبێكی سیاسی و لە سنورێكی دیاری كراودا ئیش بكات بەڵكو دروستی كرد تاكو هەموو عەرەب لەم ڕێگەیەوە بخاتە ژێر چنگی خاچ پەرستانەوە, و هەر لە سەرەتای دەسەڵاتیانەوە لە عێراقدا جەنگیان بەرپا كرد دژ بە گەلی كورد بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە كە تائێستا مرۆڤایەتی بە خۆیەوە نەیدیوە, هەروەها -عەفلەق- هات تا تۆڵەی باو باپیرانی لە نەوەی (صلاح الدین) بسەنێتەوە بەرامبەر بەوەی كە كردی بەرامبەر بە خاچ پەرستەكان لە ڕزگار كردنی قودسدا, و كاتێك زانیان بەم شێوە ناتوانن دەست بگرن بەسەر كوردستاندا, هەڵسان بە ڕاگوێزانی خەڵكەكەی بۆ باشوری عێراق و وێرانكردنی دێهاتەكان, و ئەوەی كە شایەنی باسە تاكو ئێستا ڕژێمی عێراق نزیكەی 12000 دێهاتی وێران و خاپور كردووە لە نێوان ئەمانەدا 72 شاری گەورەهەیە, پاشان ووتی: (گەلی كورد گەلێكی مسوڵمانە و لە هەموو شوێنێكدا ولە هەموو لادێكاندا كە نیشتەجێ بوونایە پێش هەموو شت مزگەوتیان دروست دەكرد, بۆ نموونە لە شارێكی وەك هەڵەبجە (80) مزگەوت و چەندان قوتابخانەی تێدابوو كە هەمووی مەڵبەندی پەروەردە و فێركردنی میللەتی مسوڵمان بوو, جا بەعسیەكان لە بەرامبەر ئەمانەدا چەند كۆنگرەیەكیان پێك هێنا ، لە كۆتاییدا بۆیان دەركەوت كە بەو شێوەیە ئەوان دەیانەوێت پێشوازی لێ ناكرێ, كەوتنە پیلان بۆ دەست بەسەراگرتنی هەڵەبجە و ڕاگوێزانی تا ئەوە بوو لە ڕەمەزانی 1407 ی كۆچی دا هێرشێكی چەند ڕۆژەیان كردە سەر هەڵەبجە بە فڕۆكە و تانك و سوپاوە كە بووە هۆی شەهید كردنی ژمارەیەك بێتاوان و ڕوخانی نزیكەی (650) خانوو لە گەڕەكێك بە ناوی (كانی عاشقان), و دەرهێنانی زیاتر لە 70 برینداری ئەو هێرشە تاوانكارییە لە نەخۆشخانە و زیندەبەچاڵ كردنیان و ئەمانە هەمووی بە فەرمانی تاوانبار (عەلی حەسەن مەجید) لێپرسراوی ڕژێم بۆ وێرانكرنی كوردستان ئەنجام درا، پاشان ئاماژەیان فەرموو بۆ هێرشەكانی بەعسیەكان بۆ سەر ناوچەی قەرەداغ و بالیسان و بادینان: (ڕژێمی بەعسی عەفلەقی بۆ ناشیرین كردنی ئیسلام لە پێش چاوی میللەت هێرشەكانی بۆ سەر كوردستان بە ناوە ئیسلامیەكان ناونا وەك هێرشەكانی بۆ ناوچەی قەرەداغ و بالیسان و بادینان كە بەناوی (الانفال) ناوی دەبرد,
الانفال بە مانای كوشتنی پیاوان و دەست بەسەراگرتنی ژن و منداڵان وسوتانی ماڵ و مەزرا تاوەكو بڵێ بە خەڵك گوایە ڕزگار كردنە ئیسلامیەكان بەم شێوەیە بوون، هەروەها زیندانیەكانی ئەشكەنجەی بەو جۆرە ناوانە ناودەنا تاكو میللەت دوور بخاتەوە لە ئیسلام و ئیسلام لە پێش چاوی میللەت بخات), و ( هێرشی گەورەیان بۆ سەر هەڵەبجە لە مانگی ئازاری 1988 دا یەكەم جار ژمارەی قوربانیەكان 5500 كەس لە قەڵەم درا كە لە ڕاستیدا زۆر لەم ژمارەیە زیاترە,
وە هەتا گیانەوەرانیش لەم هێرشانە ڕزگاریان نەبوو), پاشان بەڕێزیان هاتنە سەر باسی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستانی عێراق، وفەرموویان: بزووتنەوەی ئیسلامیی بزووتنەوەی تەواوی مسوڵمانانە بەبێ جیاوازی لە نێوان نەتەوەكاندا و جیهاد لە هەر كوێ بێت هەر یەكە, لە ئەفغانستان بێت یان لە كوردستان بێت یان لە هەر جێگایەكی تر بێت, هیچ جیاوازیەكی نییە و هەر دەوڵەتێكی ئیسلامیی لە هەر كوێ بێتە كایەوە و دابمەزرێت ئێمە بە دەوڵەتی خۆمانی دەزانین), وە لە كۆتایی ووتارەكەیدا داوای لە ڕۆژنامە ئیسلامیەكان كرد كە زمانی ڕاستگۆی دەوڵەتی ئیسلامیی داهاتوو بن ئینشائەڵڵا!
پاشان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامە نوسانی دایەوە لە وەڵامی پرسیارێكدا, فەرمووی: (میللەتی كورد, داگیركەران دابەشیان كرد بەسەر چەند دەوڵەتێكدا بە هۆی پاڵپشت و بەرگری كردنی ئازایانەی لە خیلافەتی ئیسلامی دژ بە ئینگلیز, و ڕوونی كردەوە كە هەوڵی بزووتنەوە بۆ دامەزراندنیی دەوڵەتێكی كوردی نیە بەڵكو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكە لە ژێر سێبەری قورئاندا), ولەوەڵامی پرسیارێكی تردا سەبارەت بە پەیوەندی بزووتنەوە بە (ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عێرق)ەوە ووتی: (پەیوەندی بزووتنەوە لەگەڵ پارتی ناوبراو و هەمووپارتەكانی تردا باشە و لەسەر بنچینەی ڕێزگرتن لەیەكتری و سوودی میللەتی كورد دامەزراوە و بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستانی عێراق بزووتنەوەیەكی سەربەخۆیە و ئەندام نییە لە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عێراقدا, پەیوەندی بزووتنەوە لەگەڵ پارتە نائیسلامەكاندا لەسەر ئەو بنچینەیەیە كە میللەتێكی مسوڵمانە و دەبێت پێ لەم مەسەلەیە دابگرین، و ئەمانە هەموو لە ئاگاداری یە دوولایەنیەكان دا ڕوونكراوەتەوە، لە بارەی هەڵوێستی بزووتنەوەوە بەرامبەر مەسەلەی كەنداو فەمووی: (بزووتنەوە لەم بارەیەوە ئاگادارینامەی بڵاوكردۆتەوە و ڕژێمی عێراقی تێدا تاوانبار دەكات بەرامبەر بەم تاوانانەی لە كوەیت دا), پاشان فەرمووی: (دوای ئەوەی سەددام لە هاوڕێكانی دوێنێی هەڵگەڕایەوە, هەلی زیاتر ڕەخسا كە بزووتنەوە مەسەلەی گەلی مسوڵمانی كورد بە شێوەیەكی فراوانتر لە هەموو جیهانی ئیسلامیدا بڵاوبكاتەوە).
لە سەرەتای دەسەڵاتی بەعسیەكانەوە لە عێراقدا جەنگیان بەرپا كرد دژ بە گەلی كورد بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە كە تائێستا مرۆڤایەتی بە خۆیەوە نەیدیوە, هەروەها -عەفلەق- هات تا تۆڵەی باو باپیرانی لە نەوەی (صلاح الدین) بسەنێتەوە بەرامبەر بەوەی كە كردی بەرامبەر بە خاچ پەرستەكان لە ڕزگار كردنی قودسدا