یەكەم ڕاپرسی لەسەر ڕێژەی بەشداری هاووڵاتیان لەهەڵبژاردن بڵاوكرایەوە، بزانە كام پارێزگا لە پێشەنگە
باسک نێت
بەپێی راپرسییەكی دامەزراوەی ڤیژن بۆ توێژینەوەی ستراتیجی، رێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشتر زیاد دەكات، هاوكات بەگوێرەی ڕاپرسییەكە هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە زۆرترین بەشداری هەڵبژاردن دەكەن.
بەگوێرەی راپرسیەكی دامەزراوەی ڤیژن بۆ توێژینەوەی ستراتیجی، كە بەر لە دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بە شێوەیەكی مەیدانی ئەنجامدراوە، رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە بازنەی هەولێر ٦٥٪ دەبێت، لە بازنەی سلێمانی ٥٥٪ دەبێت، لە بازنەی هەڵەبجە ٦٩٪، بەڵام ئەنجامی پارێزگای دهۆكی تێدانیە، بەهۆی ئەوەی ئاسایشی پارێزگای دهۆك رێگربوون لە ئەنجامدانی راپرسیەكە.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان زیاتردەبێت، بە بەراوورد بە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ كە رێژەكە ٥٩٪ بوو، هەروەها لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رێژەی بەشداری لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ٠ ٤ ٪ بووە، لە پارێزگای هەولێر ٥٠٪ بووە، لە پارێزگای دهۆكیش ٥٨٪ بووە.
وابڕیارە ڕۆژی 20/10/2024 پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، ئەوەش بەمەبەستی پڕكردنەوەی 100 كورسی پەرلەمان، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش ململانێی توند لە نێوان لایەنە سیاسییەكان بەڕێوەدەچێت.