
وۆڵ ستریت جۆرناڵ:
دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن بەشێوەیەكی كتوپڕ راگیران
باسک نێت
رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو دانوستانانەی کە بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا بەڕێوەبچن، راگیراون.
هەڵپەساردنی دانوستانەكان دوای ئەوە دێت چەند رۆژێک لەمەوبەر واشنتۆن رایگەیاند، تیمە تەکنیکییەکان لە سویسرا دەست بە کۆبوونەوەکانیان دەکەنەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کراوە، كە دۆسییەی ئەتۆمی ئێران و گەمارۆکان و میکانیزمەکانی ئازادکردنی بەشێک لە سەروەت و سامانی بلۆككراوی ئێران لەخۆدەگرێت.
دەنگۆی راگرتنی كتوپڕی دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن لەكاتێكدان لەدوو رۆژی رابردوو فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا دوو جار هێرشیان كردووەتە سەر ناوچە كەناراوەكانی ئێران، ئەوەش لەكاردانەوەی هێرشی درۆنی ئێران بۆ سەر كەشتیە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز.




