
ئەمڕۆ سوننەكان كۆدەبنەوەو كاندیدێك یان دوو كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاری دەكەن
باسک نێت
رۆژنامەی (الصباح):
ئەمڕۆ ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی، کە نوێنەرایەتی لایەنە سوننەکان دەکات، کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان.
سەڵاح مەرعاوی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم، رایگەیاندووە: ئەمڕۆ لە بارەگای سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم، کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدرێت، لەومیانەدا هەڵبژاردنی كاندیدێك یان دوو کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە.
وتيشى: ناتوانرێت باس لە چانسی هیچ کاندیدێك بکرێت، چونکە تا ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن و رێککەوتن لەسەر هیچ ناوێك نەكراوە.
لای خۆیەوە، سەڵاح کوبەیسی، ئەندامی هاوپەیمانی سیادە رایگەیاندووە: پێنج كوتلەكەی ناو ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی هێشتا لە پرۆسەی لێکتێگەیشتندان لەنێوان خۆیاندا بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان.
ئاماژەی بەوەشکردووە: زۆربەی كوتلەكان کاندیدیان هەیەو دەبێت بگەنە قۆناغى کۆدەنگی و لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی یەک یان دوو کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بخەنەڕوو.
رەتیشیکردەوە هەر ناکۆکییەک لەنێوان ئەو ئەو كوتلانەدا هەبێت کە ئەنجومەنەكەیان پێكهێناوە، بەڵکو لێکتێگەیشتن و هاوبەشی نێوانیان گەورەترەو قۆناغی ناکۆکی و ناوزڕاندنی میدیایی و قسەی دوژمنکارانەیان تێپەڕاندووە.




