
بە بڕیاری سودانی دەبێت لە کۆرمۆرەوە غاز ڕەوانەی کەرکوک بکرێت
باسک نێت
ئەحمەد موسا عەبادی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای کرد «محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری وەرگرتنی بەشێک لە غازی کێڵگەی کۆرمۆری داوە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا لە کۆرمۆرەوە غاز ڕەوانەی کەرکوک بکرێت».
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای کرد «ئەو غازەی لە کێڵگەی کۆرمۆر وەردەگیرێت ڕەوانەی وێستگەی کارەبای تازە لەکەرکوک دەکرێت و بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا بەکار دەهێنرێت».
لە کۆتایی ساڵی ۲۰۲۳، وەزارەتی نەوتی عێراق بەستنەوەی کێڵگەی کۆرمۆری بە وێستگەی کارەبای تازە لە باشوری کەرکوک ڕاگەیاند لە ڕێگای بۆڕی «کۆرمۆرـ زەمبور» کە بۆڕییەکە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان بنیاد نراوە.
حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز ڕێککەوتووە ڕۆژانە ۱۰۰ ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر وەربگرێت.
کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ ڕۆژانە زیاتر لە ٥۰۰ ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنێت و لە ئێستادا کارکردن لە کێڵگەکە بەردەوامە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی ۷٥۰ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا. لە ئێستاشدا غازی بەرهەمهێنراو بەبۆڕی ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و بازیان و هەولێر دەکرێت.




