
باسک نێت
سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند، نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت وەك سەرچاوەیەكی داهات بۆ پێشخستنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و بەهێزتركردنی ئابووریی عێراق سوودی لێ ببینرێت.
لە دیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند، گومانی تێدا نییە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، زیانە بۆ سەرجەم عێراق، چونكە نەوتی هەرێم دەكرێت وەك سەرچاوەیەكی داهات بۆ پێشخستنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و بەهێزتركردنی ئابووریی عێراق سوودی لێ ببینرێت.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو گفتوگۆیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ پێوەندییەكانی بەغدا و ئەنكەرە، پڕۆژەی رێی گەشەپێدان و پرسی ئاو و سەردانەكەی سەرۆك كۆماری توركیا، واژووكردنی 24 یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن و رێككەوتن و پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوانیانی كرد.
سوودانی ئاماژەی بەوەش دا، بۆ دۆزینەوەی چارەی گونجاو بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، دەستپێشخەرییان هەبووە، بەڵام بابەتەكە زیاتر پێوەندیی بە پابەندییە یاساییەكانەوە هەیە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی لەوەش كردەوە، پێویستە پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان بە جۆرێك یەكلا بكرێتەوە كە لە بەرژەوەندیی سەرجەم گەلانی عێراق بشكێتەوە.
پڕۆژەی رێی گەشەپێدان، پڕۆژەیەكە بریتییە لە رێی وشكانی و هێڵی ئاسنین كە لە بەندەری فاو لە باشووری عێراقەوە دەست پێ دەكات و بە درێژایی 1200 كیلۆمەتر بەناو خاكی عێراقدا تێدەپەڕێت و دەگاتە ناو خاكی توركیا. ئامانج لێی گواستنەوەی كاڵا و بەرهەمە بازرگانییەكانە لە نێوان وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا و بە پێچەوانەشەوە.
ڕۆژی سێشەم 28ـی ئایار، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا كاراكان لە هەرێم كرد، بەپەلە لە بەغدا لەگەڵیاندا كۆ ببنەوە و سەرۆك وەزیرانی كوردستانیش لە دوا سەردانیدا بۆ بەغدا، ئومێدی خواست ئەو بابەتە بەتەواوی چارەسەر بكرێت و لە بەرژەوەندیی هەردوولا كۆتایی بێت.