ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی پشوەکانی سەری ساڵ دانیشتنی جدی دەستپێدەکات.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا وتی: “حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ ئەوەدایە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت و لە هەمواری یاسای بودجەدا کۆتایی بەو کێشەیە بێت”.
لەبارەی وادەی هەمواری یاسای بودجە، ناوبراو ئاشکرایکرد: “لیژنە بۆ هەمواری یاسای بودجەی عێراق پێکهاتووە و لە دوای کۆتاییهاتنی پشوی وەرزیی پەلەمانی عێراق لە 9ی مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو، گفتوگۆ و دانیشتنی جدی بۆ هەموارکردنەکە دەستپێدەکات”.
بڕیارە ساڵی داهاتوو هەمواری یاسای بودجەی عێراق بکرێت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە (ئینفاقی فعلی) دەربهێنرێت، تاوەکو بەغدا ڕاستەوخۆ مانگانە پشکی موچە بنێرێت و کێشەی نەدان و دواکەوتنی موچە لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت.