عێراقهەواڵ

هاتووچۆی گشتی دەستگیرکردنی شۆفێری تەکسیەکەی دیوانیەی راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گشتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەو شۆفێری تەکسیەی کە  بە ئۆتۆمبێلەکەی هێرشی کردە سەر ئەفسەرێکی هاتووچۆ، دەستگیر کرا و ئۆتۆمبێلەکەشی دەستی بەسەردا گیرا.

 لە بەیاننامەکەی هاتووچۆی گشتیدا هاتووە، گرتە ڤیدیۆی رووداوێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زوویی بڵاوبوویەوە کە تێیدا شۆفێرێکی تەکسی لە دیوانیە بە ئۆتۆمبێلەکەی هێرش دەکاتە سەر پۆلیسێکی هاتووچۆ.

بە گوێرەی بەیاننامەکە، لە کاتژمێر 10:30ـی شەوی 6ـی ئایاری 2022 لە دیوانیە، ئەفسەرێکی هاتووچۆ کە لەو کاتەدا لە ئەرکی خۆیدا بووە داوای لە شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی تەکسی جۆری “ئیلێنترا” کردوە ئۆتۆمبێلەکەی بوەستێنێت، بەڵام شۆفێری تەکسیەکە رەتی کردووەتەوە بوەستێت و بە دووری 200 مەتر پۆلیسەکەی لەگەڵ خۆی بردووە.

هاتووچۆی گشتی راشیگەیاند، بە یارمەتی هێزە ئەمنیەکان و مەفرەزەکانی هاتووچۆ، توانرا شۆفێری تەکسیەکە دەستگیر بکرێت و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەشیدا بگیرێت.

لەبارەی تەندروستی ئەفسەرەکەوە ئاماژە بەوە دراوە، ئەفسەرەکە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گشتی فەرمانی کردوە لەپێناو ئازایەتیدا خەڵاتی رێزلێنانی پێبدرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close