كوردستانهەواڵ

سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کوردستان: کوشتنی خێزانە کوردەکە تاوانێکی تیرۆرستییە

سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کوردستان داوای دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی رووداوی کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدا دەکات و دەشڵێت ئەو تاوانە تیرۆریستییە.

لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ باسك نێت نێردراوە، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-9-2020) سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی لەبارەی رووداوی کوشتنی خێزانە کوردەکە لە بەغدا دەڵێ “ئەمە تاوانێکی قێزەون و ترسناک و کۆستێکی گەورەیە کە بەسەر خێزانێکی کوردی عێراقی هاتووە لە بەغدا، تاوانێکی تیرۆرستیی نائەخلاقی، پیس و وەحشیگەرییە و لە دژی هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتییە”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرجەم لایەنە بەرپرسەکان کراوە “هەموو رێوشوێنێکی یاسایی بگرنەبەر بۆ دەستگیکردنی سەرجەم تۆمەتباران، بەخێرایی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن و بیاندەنە دادگا بۆ ئەوەی سزا بدرێن”.

بەرەبەیانی (سێشەممە، 15-9-2020) لە بەغدا، دارا رەئووف، عالیە نەجمی خێزانی و شیلانی کچیان لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی مه‌نسووری بەغدا کوژران، کە ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ بەوە ناسراوە ئەمنییەتێکی زۆری هەیە، رووداوەکە کاردانەوەیەکی زۆری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەبوو.

مەهدی حوسێن ناسر مەتەر، لە دایکبووی ساڵی 1984 و دانیشتووی بەغدا لە ناوچەی حەبیبيه‌، دوێنێ لە هەولێر لەلایەن دژەتیرۆی کوردستانەوە، دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لەسەر “کۆمەڵکوژکردنی” خێزانی دارا، دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ تەرمی خێزانە کوردە کوژراوەکە گەڕێندراوەنە سلێمانی و بەخاک سپێردران. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، محەمەد تارق، خوشکەزای دارا رەئووف سوپاسی هەموو لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد، کە بەشداربوون لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە و گوتیشی “ئێمە گومانمان لە کەس نییە، بەڵام تەنیا کەسێک ناتوانێت ئەو هەموو کارە بەتەنیا بکات”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close