ئابووریعێراقكوردستانهەواڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق،ڕاگەیاندراوێکی گرنگی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم بڵاوکردەوە

وەزارەتى نەوتى عێراق.
وەزارەتى نەوتى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد کە ئەوان زانیارییان لەبارەى قەرزى کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان نییە.

باسک نێت

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق، حکومەتى هەرێمى کوردستان ملیاران دۆلارى کۆمپانیا نەوتییەکان قەرزدارە و حکومەتى عێراق هیچ زانیاریى و وردەکارییەکى لەبارەى ئەو قەرزانە نییە.

راگەیەندراوەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق وەک وەڵامدانەوەى راپۆرتێکى کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)ە کە ئاماژە بەوە دەکات “داهاتی ساڵانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت بە رێژەی 60% کەمیکردووە، دەشڵێت، یەک ملیار دۆلار قەرزیان لای حکومەتى هەرێمی کوردستانە”.

راگەیەندراوەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق روونیدەکاتەوە “حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان هەتا ئێستا نوسخەى گرێبەستەکانى بەرهەمهێنانى نەوتیان رادەست نەکردووین بۆ ئەوەى تاوتوێ بکرێن و گرێبەستى نوێیان بۆ بکرێت بەگوێرەى دەستوور و یاسا”.

ئاماژە بەوەش کراوە “راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە مانگى ئازارى 2023دا بەهۆى بڕیارێکى تورکیا و لەپاش دەرچوونى بڕیارێکى دادگاى نێودەوڵەتى ژوورى بازرگانى پاریسەوە بوو لە بەرژەوەندى عێراق”.

جەختیشکراوەتەوە “راگرتنى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بەهۆى بڕیارى حکومەتى عێراقەوە نەبووە”.

ئاماژە بەوەش کراوە “لەدواى گفتوگۆ و دانوستاندن عێراق و تورکیا گەیشتنە ئەوەى کە لەماوەیەکى کورتدا دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنەوەى نەوت و چارەسەرکردنى کێشە تەکنیکییەکان”.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە “حکومەتى عێراق زەرەرمەندى گەورەى راگرتنى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستانە”.

روونیشکراوەتەوە “هۆکارى سەرەکى راگرتنى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم لە ئێستادا بریتییە لەوەى کۆمپانیا بیانییەکانى نەوت کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن بەرهەمەکانیان بەشێوەیەکى فەرمى رادەستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناکەن”.

جەختیشکراوەتەوە “هەر کات کۆمپانیا نەوتییەکان بەرهەمى کێڵگە نەوتییەکانیان بەگوێرەى یاسا رادەست بکەن، بەماوەیەکى زۆر کەم دەستدەکرێتەوە بە هەناردەکردنەوەى نەوت”.

وەزارەتى نەوتى عێراق جەختدەکاتەوە کە ملکەچى مەرجە لەپێشینەکانى کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان نابن و ئەو مەرجانەى ئەوان بە سەرپێچى لە یاسا ناو دەبات و داواش لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکات کە رێز لە سەروەریى عێراق و یاسا و بڕیارەکانى دادگاى عێراق بگرن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close