كەش و هەوا
لەم ناوچەیە ئەگەری بەفر بارین هەیە کاتی کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلی بارانبارینە راگەیەندرا

لەم ناوچەیە ئەگەری بەفر بارین هەیە
کاتی کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلی بارانبارینە راگەیەندرا
باسک نێت
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایدەگەیەنێت؛ کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ڕووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، تا درەنگانی ئەمشەو بەشێوەی پچڕپچڕ بەردەوام دەبێت و پێشبینیش دەکرێت لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێت.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو شارەزایەی کەشناسی، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بارستە هەوایەکی سارد و وشک لە باکوورەوە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارینەکەش، ئەگەر هەیە ئەمشەو بەفرێکی کەم لە سەنتەری حاجی ئۆمەران و ئەو ناوچە شاخاوییانە ببارێت کە بەرزییان لە سەرووی 1600 مەترەوەیە لە ئاستی ڕووی دەریا.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە (9ی تشرینی دووەمی 2026)، پێشبینی دەکرێت ئاسمان ساماڵ بێت و کەشوهەوا جێگیر ببێتەوە، بەڵام بەهۆی کاریگەریی بارستە هەوا ساردەکەوە پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 3 بۆ4 پلە نزم دەبنەوە و لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ سفری سیلیزی دادەبەزن.
ئەو کەشە سارد و جێگیرە تا ڕۆژی هەینی (13ی مانگ) بەردەوام دەبێت. لە سەرەتای هەفتەی داهاتووشەوە (14ی مانگ) هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆیەکەوە کە پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەکاتەوە و تا 20ی مانگ کەشوهەوا جێگیر دەبێت، دوای ئەو ڕێکەوتەش ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێی بارانبارین هەیە.




