
ئەمریكا 10 فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازیی ڕەوانەی ئیسرائیل كردوە
باسک نێت
ئەمریكا لە ڕێگەی پردێكی ئاسمانییەوە 10 فڕۆكەی بارهەڵگری پڕ لە كەرەستەی سەربازی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ دو بنكەی باشوری ئیسرائیل گواستەوە . کە لە چوارچێوەی ئامادەكاریەكانی واشنتن و تەلئەبیبدایە بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران كە لە لایەن ترەمپەوە بڕیاری لەسەر بدرێت
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی دەستەی پەخشی گشتیی ئیسرائیل، ئەمریكا لە چوارچێوەی دروستكردنی پردێكی ئاسمانیدا، 10 فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازیی ڕەوانەی ئیسرائیل كردوە كە كەرەستە و پێداویستیی جەنگییان هەڵگرتوە. فڕۆكەكان لە بنكەی فۆرت بلیس لە ویلایەتی تێكساسەوە كە گەورەترین ناوەندی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئەمریكایە، بەرەو بنكەكانی “عۆڤدا” و “نەڤاتیم” لە باشوری ئیسرائیل فڕیون، و باری فڕۆكەكانیش چەكی دژەموشەك و پاتریی بەرگریی ئاسمانی لەخۆدەگرێت، هاوكات بەشێك لە فڕۆكەكانیش ڕەوانەی ناوچەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراون.
ئەم پردە ئاسمانییە لە كاتێكدایە سوپای ئەمریكا پێشتریش سیستەمی موشەكیی “پاتریۆت”ی لە تێكساسەوە بۆ بەهێزكردنی بەرگرییەكانی ناوچەكە گواستبوەوە، لە پاڵ دەركردنی فەرمانی چۆڵكردنی بەشێك لە بنكە سەربازییەكان لە ترسی كاردانەوەی توند؛ هەروەها هێزەكانی ئەمریكا خەریكی نوێكردنەوەی تەواوی پاشكەوتە سەربازییەكانیانن لە ناوچەكەدا، و چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی (شوبات/2)ی داهاتودا كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگر و یەكەیەكی سەربازیی مارینز پەیوەندی بەو 20 كەشتییە جەنگییە بكەن كە لە ئێستادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئەركدان




