
برسێتییەکی پیرۆز ، لە سوننەتی پێغەمبەرەوە بۆ خەڵاتی نۆبڵ!
شەپۆل احمد✍️باسک نێت
ڕۆژانێک هەن وەک ڕۆژەکانی عەرەفە و ڕۆژانی دوشەممە و پێنج شەممە کە مسوڵمانان تێی دا بە ڕۆژوو دەبن لە ڕوانگە ئیسلامەوە ئەم ڕۆژووانە بە ڕۆژووی سوننەت یان (تەتەووع) دادەنرێن و پاڵنەرە ئاینییەکەی بریتییە لە نزیکبوونەوە لە خودا و پەیڕەوکردنی ڕەفتارەکانی پێغەمبەر (د.خ).
ئینجا لەو ڕۆژە سوننەتانەش دا ڕۆژانی پێش جەژن مەبەست لێی بەدیاریکراوی ( ٩ ) ڕۆژی یەکەمی ذولحیججەیە و بەتایبەتی تر ڕۆژی عەرەفە کە پێش جەژنی قوربانی مسوڵمانانە لەگەڵ ١٠ ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزان کە ئەویش پێش جەژنی ڕەمەزانە کە لە دەقە شەرعییەکاندا بە فەزڵترین ڕۆژەکانی ساڵ دادەنرێن بەڵام دەڕۆژەکانی ڕەمەزان مەبەستم فەزڵ و گەورەییەکەیەتی ئەگینا ئەوان لە ڕۆژووە واجبەکانن.
غەیری ئەوانەش ڕۆژانی دووشەممە و پێنج شەممەش لە فەرموودەکاندا هاتووە کە لەم دوو ڕۆژەدا کردەوەکانی مرۆڤ بەرز دەکرێنەوە بۆیە پێغەمبەر (د.خ) حەزی کردووە لەو کاتەدا بە ڕۆژوو بێت ئەوە جگە لەو بابەتەی کە ڕۆژی دووشەممە وەک ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئاماژەی پێکراوە.
لە ڕووی زانستیەوە ئەو جۆرە ڕۆژووە پچڕپچڕە کە پێی دەگوترێت (Intermittent Fasting) بە یەکێک لە تەندروستترین سیستەمەکانی ژیان دادەنرێت.
سیستەمی (5:2) لە جیهاندا زۆر باوە، کە ڕێک هاوشێوەی ڕۆژووی دووشەممە و پێنجشەممەیە ، پێنج ڕۆژ خواردنی ئاسایی و دوو ڕۆژ ڕۆژوو یان کەمکردنەوەی توندی کالۆری یان سیستەمی خۆ برسی کردن هەیە تەنانەت ئەو بابەتە زانستی یە لە زۆر وڵاتانی چەپ ڕەویش کاری پێ دەکرێت بۆ نمونە چین کە فکرەی شیوعیەتە لەسەر ئەو بنەما زانستیە دوو ڕۆژی خۆ برسی کردنیان هەیە.
ئەو کرداری خۆ برسی کردنە لە ڕوی زانستی یەوە پڕۆسەیەک پێک دێت کە پێی دەڵێن( ئۆتۆفاجی)(Autophagy) کە دەمەوێ بزانین ئەو پڕۆسەیە چیە!؟
پرۆسەیەکە تێیدا خانەکانی لەش خۆیان لە پاشماوە و خانە کۆن و تێکچووەکان پاک دەکەنەوە کاتێک لەش دەکەوێتە دۆخێکەوە کە پێویستی بە وزەیە تۆش ووزەت نامێنێ لە ئەنجامی برسێتی یەوە خانەکان دەست دەکەن بە گەڕان بەدوای ئەو پرۆتینە کۆنانە و ئەندامۆچکە تێکچووەکانی ناو خانە (وەک مایتۆکۆندریای کۆن)، یان تەنانەت بەکتریا و ڤایرۆسەکان.
خانەکە ئەم بەشە زیانبەخشانە گۆشەگیر دەکات و دەیانباتە بەشێک بە ناوی (Lysosome) کە پڕە لە ئەنزیمی هەرس کەر، لەوێدا دەیانتوێنێتەوە و دەیان گۆڕێت بۆ ترشە ئەمینییەکان کە دووبارە لەش بۆ وزە یان دروستکردنی خانەی نوێ بەکاریان دەهێنێتەوە کە ئەم دۆزینەوەیە زانایەکی ژاپۆنی بە ناوی ( یۆشینۆری ئۆسۆمی ) یەکەم جار کەشفی کرد و خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا لە ساڵی ٢٠١٦
لە لایەکی ترەوە یارمەتی دابەزاندنی بەرگری ئەنسۆلین و ڕێکخستنی ڕێژەی شەکر دەدات لە ناو خوێن دا.
سیستەمی مۆدێرنی سەرمایەداری(Capitalism) پێچەوانەی ئەم کلتورەیە چونکە کڕین و خواردن کەم دەکاتەوە.
لە جیهانی مۆدێرن دا، زۆرجار هێشتنەوەی جەستە بە برسییەتی بەبێ هۆکارێکی ماددی یان وەرزشی وەک سزا یان سەپاندنێکی کۆنەپەرستانە دەبینرێت، چونکە مۆدێرنە گرنگی بە تێرکردنی دەستبەجێی ئارەزووەکان دەدات کە ئەو کردارە پێچەوانەی تێگەیشتن و دیدی ئەوانە.
بەڵام لەو ساڵانەی دوایی دا هەندێک لە ڕووناکبیرانی مۆدێرن دژی شێوازە عەقیدەیەکەی خۆیان بیرۆکەکەیان گۆڕیوە و کە ئەوان کێشەیان لەگەڵ برسیبوون نییە لە ئەنجامی داهێنانی تازەی پڕۆسەی هەرس کە خۆشیان ( دایت ) و ( فاستینگ ) دەکەن بۆ جوانی یان تەندروستی لەش و لاریان پڕۆسەکەیان بەرفراوانتر کردووە بە دروست کردنی بەرهەمی خۆراکی بە ناوی زیڕۆ و یان پێکهاتەی بێ شەکر چونکە بەڕاستی کێشەیان لەگەڵ ئەوەیە کە مرۆڤ لەبەر فەرمانی غەیبی یان پاداشتی دواڕۆژ ئەو کارە بکات کە لە ڕاستی دا بابەتەکە گرێ دراوی ناو یەکەکانی زانستە.




