
كودەتایەكی نوێ لە ئەفریقا.. عەسكەر لە (بەنین) دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرێت
باسک نێت
سەربازانی سوپا لە شاشەی تەلەڤزیۆنەوە رایانگەیاند، (پاتریس تالۆن)ی سەرۆكی وڵاتیان لە پۆستەكەی لاداوەو دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، ئەمە لە (بەنین) روویداوە كە وڵاتێك لە خۆرئاوای ئەفریقاو دەكەوێتە باشوری بیابان و لەسەر زەریای ئەتڵەسی هەڵكەوتووە.
میدیا جیهانییەكان ئاشكرایانكرد، گروپێك چەكدار لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنی (بەنین)ەوە دەركەوتوون و رایانگەیاندووە، سەرۆكیان لاداوەو حكومەتیان هەڵوەشاندوەتەوە
ئەمەش “كودەتایەكی روون”ی سەربازییە
ئەو گروپە سەربازەی كە كودەتاكەیان كردووە، خۆیان ناو لێناوە “لیژنەی سەربازیی بۆ دووبارە دامەزراندنەوە”؛ بە قسەی خۆیان ئەمڕۆ كۆبوونەتەوەو بڕیاری لادانی سەرۆكی وڵاتیان داوە.
باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە بەنین رایگەیاند، لە نزیك بارەگای سەرۆكایەتیی دەنگی تەقە بیستراوە، بەڵام سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن سەرۆكی لەكارلادراو سەلامەتە.باسک نێت
پاتریس تالۆن سەرۆكی بەنین پیاوێكی سەرمایەدارو سیاسی بوو كە لە 6ی ئەپرێلی 2016دا دەسەڵاتی گرتەدەست، وا ناسرابوو كاری لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندی بەنین دەكرد لەگەڵ رەوەندی ئەفریقیدا لە جیهان، وەكو باسدەكرێت بڕیار بووە ئەم پیاوە مانگی نیسانی ئەمساڵ پاش مانەوەی بۆ ماوەی 10 ساڵ لە دەسەڵاتدا، دەستلەكاربكێشێتەوە.
كودەتا سەربازییەكەی بەنین دوای چەند رۆژێكی كەم دێت لە كودەتایەكی هاوشێوە لە گینیا بیساو، كە بەهەمان شێوە ژمارەیەك سەربازو ئەفسەری ئەو وڵاتە سەرۆك (عومەر سیسكۆ)یان لەدەسەڵات لاداو تا كاتێكی نادیار كاری دامەزراوەكانیان هەڵپەسارد.




