
حەمید شەتری و 14 بەربژێری دیكە ڕكابەری سودانی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران
باسک نێت
لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرچاوە هەواڵییەكان باسی كۆبوونەوەیەكی گرنگی هێزە شیعەكان لەم هەفتەیە دەكەن بۆ راگەیاندنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و دیاریكردنی پێوەر و دانانی مەرج و تایبەتمەندییەكانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق، هاوكات 15 كاندید ڕكابەری دەكەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
بەپێی سەرچاوەهەواڵییەكان، لەم هەفتەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ ساز دەكات و تاوتوێی ناوی 15 كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێ دەكات، لەوانە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە و سەرۆك وەزیران و حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی سوودانی بەڕێوە دەچێت.
لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمی پێكهێنانی حكوومەت و لیستی ناوی كاندیدان بۆ سەرۆكایەتیكردنی و لێكگەیشتنی سەرەتایی لەبارەی ئەوانە و هاوپەیمانیەتی سیاسی و حزبی بۆ خێراكردنی راگەیاندنی حكوومەتی نوێ دەكرێت، لە نێوان ئەو 15 كاندیدەی هەن، كێبەركێ لە نێوان سوودانی و شەتری هەیە و رەنگە ئەوانەش بۆ ناوی نوێ بگۆڕێن، بەڵام سوودانی چانسی گەورەی هەیە، چونكە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق پاڵپشتی دەكرێت، بەو مەرجەی لە ناو چوارچێوەكە بمێنێتەوە و لە كۆبوونەوەكە باسی هەموو ئەوانە دەكرێت.




