
دونیای هەڵبژاردن گۆڕاوە گۆڵم.!
شۆڕش کەمال✍️باسک نێت
بێ عەیەبیە لە ساڵی دوو هەزارو بیست و پێنج ئامۆژگاری خەڵک بکەیت چۆن دەنگ بدات، کێ هەڵبژێرێ، لەوە عەیب تر ئەوەیە خەڵک لە سەر (بایکۆت) تەخوین و فاسق مونافیق و جاهیل بکەی چونکە باوەڕی بە بەڵێنی درۆ نەماوە.
بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن ئیختیارێکی تاکە کەسییە، دانگدان و دەنگ نەدانیش بەشێکی تری پڕۆسەکەیە، وەک ئەوە وایە پیاو بڵێ: تکە و کەباب ناخۆم پارێزم هەیە. یان بڵێ: بیبسیم لە خۆم حەرام کردووەو ماستاو دەخۆمەوە، ئێ خۆ ئەمە پەیوەندی بە مەیمون و ئەسحابو لسەبت و فسق و فجورو تەخوین و جەهلەوەنییە گوڵم.
هەندێک لە کاندیدو هاوپەیمانی وحیزب هێشتا ئاگایان لێ نییە دونیا چەندە گۆڕاوە، خەڵک باوەڕی بە شەولەبان و گورگانە شەوێ و ماری قەهقەهە نەماوە.
ئێستا نەوەیەکی نوێ پێگەیشتووە هەموو کونج و قوژبنێکی ئەم دونیا گلۆبالە لە دیوەکەی تر بەبێ بەرگ و ماسک دەبینێ، دونیای هەڵبژاردن گۆڕاوە گوڵم.
کەوابێ ئیتر چۆن ئەو حەقە بەخۆتان دەدەن بەخەڵک بڵێن: ئەگەر دەنگمان پێ نەدەن ئەبن بە (مەیمون) و ئەسحابی سەبت، مەیمون.!
: چۆن دەتوانن دەتوانن بە خەڵک بڵێن ئەگەر دەنگمان پێ نەدەن فاسق دەبن، فاسق.!
چۆن دەتوانن بە خەڵک بڵێن: (خائین و جاهیل) تەنها لەبەر ئەوەی ئەمجارە دەنگتان پێ نادەن و ئیتر باوەڕیان بەم یاریە گاڵتەجاڕیە نەماوە، جاهیل.!



