تەندروستی

خەڵکینە ئاگاداری دەرمانی براند و دەرمانی کۆپی بن

خەڵکینە ئاگاداری دەرمانی براند و دەرمانی کۆپی بن!

باسک نێت

پزیشکی دەرمانساز دەتوانێت لەبری دەرمانی براند، دەرمانێکی جێنریک بدات بە نەخۆش، بەڵام لەڕووی رەوشتی پیشەییەوە نەگونجاوە، کاتێک پزیشکەکە بە کۆمپانیایەکی دیاریکراو دەرمان دەنووسێت و لە دەرمانخانە بەردەست نییە، دەبێت نەخۆش ئاگاداربێت کە دەرمانسازەکە هی کۆمپانیایەکی دیکەی دەداتێ و ئەگەر نەخۆش باوەڕی پێهێنا، ئەوا پێی بدرێت و دەبێت خۆی سەرپشک بێت.

جیاوازییەکان؛

1- دەرمانی براند؛ ئەو دەرمانەیە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی دەرمان دەدۆزرێتەوە و لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA و دەزگای پزیشکیی ئەورووپی EMA ناودەبرێت بە دەرمان؛ دواتر ئەم کۆمپانیایە تەنیا خۆی مافی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی هەیە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و هیچ کۆمپانیایەکی دیکە مافی دروستکردن و بەبازاڕکردنی ئەو دەرمانەی نییە.

2- دەرمانی جێنریک Generic؛ ئەو دەرمانەیە کە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرمان بەرهەمدەهێندرێت و بەبازاڕدەکرێت، بەڵام دوای تەواوبوونی ماوە دیاریکراوەکە و وەرگرتنی رەزامەنیی کۆمپانیای دروستکەری دەرمانەکە، واتە بە رەزامەندی کۆمپانیای بنەڕەتی، کۆمپانیاکانی دیکە بەرهەمی دەهێنێت و بەبازاڕی دەکات.

3- دەرمانی کۆپی Copy؛ ئەو دەرمانانەن کە کۆمپانیایەکی دەرمان بەرهەمیان دەهێنن و بەبازاڕیان دەکەن، بێ ئەوەی رەزامەندیی کۆمپانیای بەرهەمهێنی وەرگرتبێت.

دەتوانین بڵێین کە دەرمانی بڕاند، لەڕووی کارکردنەوە باشترینە و کاریگەریی لاوەکیی کەمترە، بەڵام نرخی گرانە، هەرچی دەرمانی کۆپییە، لەلایەن دەزگاکانی دەرمانەوە باوەڕپێنەکراون و دەشێت کاریگەریان هەبێت و وەکو دەرمان بەسوود بن، بەڵام دڵنیایی لە مادەکانی نادرێت و دەکرێت دەرمان نەبن.

بەشێوەیەکی گشتی دەرمانی جێنریک لەبری دەرمانی بڕاند بەکاردێت و باوەڕپێکراوە، چونکە هەمان کاریگەرییان هەیە و نرخیان هەرزانترە لە بڕاندەکان، بەڵام هەندێکجار دەشێت کاریگەریی لاوەکییان هەبێت وەکو هەستیاری، بەراورد بە دەرمانە بڕاندەکە.

دەرمانی کۆپی بەهیچ شێوەیەک بەکارهێنانی رێگەپێدراو نییە، بەداخەوە نەک لە دەرمانخانەکان، بەڵکو پزیشکانی پسپۆڕیش هەن کە دیاریکردنی کۆمپانیایەکی دیاریکراو بۆ مەبەستی بازرگانی و بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن و هیوادارم لەمەودوا تەنیا بایەخ بە لایەنی زانستی و پیشەیی بدەین، نەک لایەنی مادی و بازرگانی.

د. یاد حەمید
پسپۆڕی دەرمان و ژەهرزانی

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close