
ئێران مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدات
باسک نێت
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران ڕۆژئاوا، و هەڕەشەکانی ئیسرائیل، تاران دەستپێکردنی زنجیرەیەک مانۆڕی سەربازیی بە ناوی “مەشقی دەسەڵاتی 1404” ڕاگەیاند. مانۆڕەکان بە فەرمانی محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەستی پێکرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارس، ئەو مانۆڕانە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئامادەیی بەرگری هێزە چەکدارەکانی ئێران دانراون و بەگوێرەی ڕاگەیاندنە فەرمییەکە، تیشک دەخەنە سەر چاودێریکردنی “جوڵەکانی دوژمن و وەڵامدانەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکان”.
باقری هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێشهاتەکانی ئەم دواییە وایکردووە کە پێویستە هێزە چەکدارەکان زیاتر لە جاران ئامادەکاری بکەن.
دەستپێکردنی ئەم مانۆڕانە هاوکات بوو لەگەڵ دەرکردنی بڕیارنامەیەک لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە ئێران بە پێشێلکردنی بەڵێنە ئەتۆمییەکانی تۆمەتبار دەکات. لە بەرامبەردا تاران ڕایگەیاند کە ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی خستۆتە بەرنامەی کارەوە، لەوانە خستنەگەڕی شوێنی نوێ بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
لە لایەکی دیکەوە هەندێک لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە دەکات. هەروەها ئەمریکا وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی هەندێک لە کارمەندانی ناپێویست لە باڵیۆزخانەکانی لە ناوچەکە چۆڵ کردووە.




